بەلەمێکی کۆچبەران نقوم بوو

لەئەنجامی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێك، كە ژمارەیەك كۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو لەسنورە ئاویەکانی تورکیا  هەشت كەس رزگاركران و كارەكانی گەڕان بەدوای كەسێكدا كە بێسەروشوێنە، درێژەی هەیە.

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاویكردوەتەوە، تیمەكانی ئاسایشی كەناراوەكان دوای ئەوەی هەواڵیان پێگەیشت، بەدەم ئەو كەسانەوە چوون، كە لە كەناراوەكانی ئاكیارلار داوای هاوكارییان كردبوو.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەماوەیەكی كورتدا تیمەكان گەیشتنە شوێنی روداوەكە و هەشت كەسیان رزگاركرد، كە خەریكبوو ژێرئاو دەكەوتن. پاشان كۆچەرە نایاساییەكان خرانە ناو بەلەمی تیمەكانی ئاسایشی كەناراوەكانەوە و بەرەو بنكەی ئاسایشی كەناراوەكان بران. لەوێش تیمەكانی فریاگوزاری سەرەتایی لەدۆخی تەندروستی كۆچەرەكانیان كۆڵیوەتەوە.

ئاژانسەكە باسی لەوەشكردوە، تیمەكان كارەكان بەمەبەستی دۆزینەوە كەسێكی بێسەروشوێنیش دەستیپێكردوە. هەوڵەكان بە بەشداریی سێ بەلەمی تیمەكانی ئاسایشی كەناراوەكان و یەك هێلیكۆپتەر درێژەی هەیە.

لەلایەكی دیكەوە و لە ناو بەلەمێكی دیكەدا، 11 كۆچبەری نایاسایی لە هەمان ناوچە لە لایەن تیمەكانەوە، دەستگیركران.


PM:06:29:23/07/2019