پۆلیسی سلێمانی كەسێكی لە خۆكوشتن ڕزگاركرد

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند هێزەكانی پۆلیس هاوڵاتییەكیان ڕزگاركرد، كە دەیویست خۆی بكوژێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تیایدا هاتووە "ئێوارەی دوێنێ دوای ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی پۆلیس كە هاووڵاتییەك لە ماڵەكەی‌ خۆیدا دەیەوێت كۆتایی‌ بەژیانی‌ خۆی‌ بهێنێت، دەستبەجێ هێزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین و پۆلیسی فریاكەوتن گەیشتوونەتە شوێنی‌ ڕووداوەكە و توانیویانە دەرگای ماڵەكە بكەنەوە و چەقۆكەی لێ بسەنن و ڕزگاری بكەن".

لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، هاووڵاتییەكە ناوی (ر، ا)یە و لەدایكبووی‌ 1998ە و پیشەی كاسبە، بەپێی‌ وتەكانی‌ ناوبراو كێشەی‌ خێزانی‌ هەیە، بۆیە هەوڵی خۆكوشتنی داوە و دوای ڕزگاركردنی لەلایەن مەفرەزەیەكی پۆلیسی فریاكەوتنەوە ڕادەستی بەشی توندوتیژی كراوە و لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ ڕاپەڕینەوە پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.



PM:02:12:24/07/2019