پارتی پیرۆزبایی لە گۆڕان دەكات

لە پەیامێكدا مەكتەبی سیاسی پارتی پیرۆزبایی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات و دەڵێت " هیوادارین هەر بەردەوام و سەركەوتوو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی دۆزی گەلەكەمان و بەدیهێنانی گشت مافە رەواكانی".

دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی:

بەڕێزان/ رێكخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان..

بە بۆنەی (10)ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوە تێكۆشەرەكەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەندام و لایەنگرانتان دەكەین، هیوادارین هەر بەردەوام و سەركەوتوو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی دۆزی گەلەكەمان و بەدیهێنانی گشت مافە رەواكانی.

رۆڵی بزووتنەوەكەتان و بەرنامە و هەوڵ و كار و چالاكییەكانی بۆ بەهێزكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا شەرعییەكانی و بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی لە پێناو دوارۆِژێكی گەشتر، مایەی خۆشحاڵی و ئاماژەی دڵسۆزیتانە بۆ بەدیهاتنی مافە هاوبەشەكانمان.

ئێمە كاتێك ئەو یادە دەكەینەوە، هاوكات رەوشی گرنگ و هەستیاری ئەمڕۆی هەرێم و ناوچەكە، واپێویست دەكات زیاتر سوور بین لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزی و تەبایی بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە درێژخایەنە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانمان.

هیوادارین بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین بناغەی ئەو هاوپەیمانییەتی و هەماهەنگییەی نێوانمان زیاتر پتەوتر و بەهێزتر بكەین لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلەكەمان و تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكان و چارەسەركردنی گیروگرفت و كێشەكان و دابینكردنی ئایندەیەكی رۆشنتر و گەشتر بۆ گەلەكەمان.

جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەرفرازو سەركەوتوو بن...

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان



PM:01:04:25/07/2019