سوپای توركیا: ئەو چەكدارانەمان كوشت كە هێرشەكەی هەولێریان ئەنجامدابوو

سوپای توركیا رایگەیاند لەهێرشێكی ئاسمانیدا بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی "پەكەكە" لە قەندیل، ئەو چەكدارانەیان كوشتووە كە "دەستیان لە هێرشەكەی هەولێردا" هەیە.
 
ئاژانسی رۆیتەرز، راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگری توركیای لەبارەی هێرشەكەی هەولێر بڵاوكردۆتەوە تیایدا هاتوە "بەهەماهەنگی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی چنگدا، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی قەندیل لە "باكوری عێراق" ئەنجام دراوە و تێیدا بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كراونەتە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی بەرگری توركیا " لەهێرشەكانی قەندیلدا كە بەهاوكاری دەزگای هەواڵگری توركیا بوە دوو ئۆتۆمبێلیان كردۆتە ئامانج كە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی هەولێر بون".

تا ئێستا نازانرێت چەند كەس بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانییەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام "سی ئێن ئێن تورك" بڵاویكردەوە كە ئەنجامدەرانی هێرشەكە پاش دەرچونیان لەهەولێر لەژێر چاودێریدابون و رێگەو شوێنیان ئاشكرا كراوە.

لەهێرشەكەی هەفتەی رابردووی سەر چێشتخانەیەكی هەولێردا سێ كەس كوژران كە یەكێكیان دیپلۆماتكارێكی تورك بوو دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی روداوەكەی راگەیاند.

پارتی كرێكارانی كوردستان هەر دوای ڕووداوەكە ڕایگەیاند "تەنیا لە میدیاكانەوە ئەو ڕووداوەیان بیستووە و تۆمەتباری سەرەكی هیچ پەیوەندییەكی بەوانەوە نیە".



PM:03:15:25/07/2019