"ئەو زاراوەیەی باسی میدیای سلێمانی و هەولێر دەکات زاراوەیەکی زانستی نییە"

دوو دکتۆری شارەزای بواری میدیا، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ئەو دەستەواژەیەی ماوەیەکە لەنێوان کایەی سیاسی و میدیای ئێمەدا بەکاردەهێنرێت بەناوی " میدیای سلێمانی " زاراوەیەکی زانستی نییە.

لە بەرنامەی گفتوگۆی سپی، لە کە شەوی رابردوو لە تیڤی سپی، لەسەر سیستەمی IP تیڤی پەخشدەکرێت و، تایبەت بوو " بە دۆخی خراپی میدیای کوردی" هەردوو مامۆستای زانکۆ د. کاروان عەلی و د. هێرش رەسوڵ و رۆژنامەنووس شوان محەمەد، ئاماژەیان بۆ کرد کە دۆخی میدیای کوردی دۆخێکی خراپە.

د. کاروان عەلی لە میانەی بەرنامەکەدا وتی" کەناڵەکانی میدیا زۆرجار پەیامێکی خراپیان هەیە، پەیامەکەیان ناڕاستە، راستگۆیی تیانییە، ئەم پەیامە کاریگەری خراپی لەسەر کۆمەڵگا دەبێت".

د. هێرش رەسوڵ، لە بەشێک لە قسەکانیدا دەڵێت" دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەلآیەتی کۆمەڵگای کوردی لە قەیراندایە، لە ئەنجامدا میدیاش رەنگدانەوەی ئەو دۆخەیە، لەبەر ئەوە ناتوانرێت میدیایەکی پیشەیی و کاریگەرمان هەبێت".

لەسەر زاراوەی میدیای سلێمانیی کە ماوەیەک ئەم زاراوەیە لەسەر ئاستی میدیایی و سیاسی بەکاردەهێنرێت، د. کاروان عەلی دەڵێت" داتاشینی زاراوەی میدیای سلێمانی و، میدیای هەولێر، زاراوەیەکی سیاسی و پەیوەندی بەو دابەشبوونە حیزبی و سیاسیەوە هەیە کە لە هەرێمدا هەیە، ئەم زاراوەیە زانستی نییە، ئەم ئیشکردنە دیوێکی تری شێواندنی سومعەی میدیای سلێمانییە، ئێستاش ئەو میدیایەی لە سلێمانی یە لەروو ئازادی و زانیاریەوە، ناڵێم لە رووی هونەریەوە، ئێستاش پێشەنگە".
 
دەربارەی پەرواێزخستنی سلێمانی و لە نێویشیاندا میدیا لە سلێمانی و، کۆچکردنی میدیاکاران بۆ هەولێر، د. هێرش رەسوڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سلێمانی لەسەر کاغەز کراوەتە پایتەختی رۆشنبیری، لە بواری کرداریدا لە گشت بوارە رۆشنبیرەکاندا کاری لەسەر نەکراوە، سلێمانی پاشخانێکی گەورەی رۆشنبیری و راگەیاندنی هەیە، دەبوایە " یەکێتی" کاری لەسەر بکردایە ببوایەتە پایتەختی رۆشنبیری و لە ئێستاشدا رۆڵی مێژووی خۆی ببینیایە".

دەقی بەرنامەکە.. 

  



ئه‌م بابه‌ته ‌1968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:35:25/07/2019