نماو چیای نەوشیروان مستەفا باسی پیلانگێڕی دەکەن

لە ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا، هەردوو کوڕی نەوشیروان مستەفا، نما و چیا، بەیانێکیان بڵاوکردەوەو باس لە پیلانگێڕی دەکەن.

لەو بەیانەدا کە ئەمڕۆ ٢٥ی تەموز لە یادی د ساڵەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویان کردەوە، نماو چیا دەڵێن" سەرەڕای موئامەرە و پڕوپاگەندە و بوختان و فشاری میدیایی، سەرەڕای قەیرانی دارایی و بایکۆت و ساختەکاری و هەڵکوتانە سەر گردەکە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە هاوڕێکانمان لەم دۆخە سەختە و لە نیوەی رێگادا بەجێیان هێشتین، بزوتنەوەی گۆڕان توانی بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە لەسەر پێی خۆی بووه‌ستێت".
 
ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

دە ساڵ لەمەوبەر بزوتنەوەی گۆڕان لەدۆخێکی ناهەموار و سەختی سیاسیدا دامەزرا و یەکەم بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد، سەرەڕای ئەوەی زۆر کەس و لایەن گرەویان لەسەر شکستی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرد و نوقڵانەی ئەوەیان لێدەدا، کە گۆڕان لە دوو سێ کورسی زیاتر ناهێنێت.

بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا سەرفرازانە سەرکەوتوو بوو توانی بەپشتیوانی هەڵسوڕاو و خەڵکی دڵسۆز و بەمتمانەی هاوڵاتیانی کوردستان 25 کورسی لە پەرلەمان بەدەستبهێنێت و مۆدێلێکی جیاوازی لە کاری رێکخراوەی و سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی پێشکەشکرد و بووە هێزێکی سەرەکی و کاریگەر لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق.

لە دوای وەفاتی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان کەوتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورستر، کە دۆخێکی نائارام و دڵەڕواکێ و رەشبینی دروستبوو، جارێکی تر هەندێک کەس و لایەن کەوتنە پیلانگێڕی و نانەوەی ئاژاوە و دەستێوەردان لە بزوتنەوەکە و فاڵی ئەوەیان دەگرتەوە، کە گۆڕان کۆتایی هاتووە و خەڵک متمانەی پێ نادات یاخود دەیانوت گۆڕان دوای هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی 2018 هەڵدەوەشێتەوە.

سەرەڕای موئامەرە و پڕوپاگەندە و بوختان و فشاری میدیایی، سەرەڕای قەیرانی دارایی و بایکۆت و ساختەکاری و هەڵکوتانە سەر گردەکە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە هاوڕێکانمان لەم دۆخە سەختە و لە نیوەی رێگادا بەجێیان هێشتین، بزوتنەوەی گۆڕان توانی بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە لەسەر پێی خۆی بووه‌ستێت و رووبەڕووی هەموو ئەو ئاڵنگارییانە بێتەوە و متمانەی گۆڕانخوازان و جەماوەر بەدەستبهێنێت.

ئیستا کە دە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەزموونی سەرکەوتووی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان و کایەی سیاسیدا، پیرۆزبایی گەرم لە گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوان و خەڵکی کوردستان دەکەین و سوپاسی خۆڕاگری و بەئەمەکییان دەکەین و بەڵێن دەدەین، کە بە ئیرادەیەکی بەهێز و بەهەمان رۆحێتی 25/7 و بە هەموو هێز و توانمانەوە کار بکەین بۆ سەرخستنی پڕۆژە و بەرنامەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕان. بەکردەوەش سەلماندومانە کە درێژەپێدەر و بەرگریکاری سەرسەختی ئەو بەرنامەیەین و لەهەموو خۆشی و ناخۆشییەکاندا لەگەڵ هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازاندا بووین و دەبین.

لەکۆتاییدا وتەیەکی رەحمەتی باوکمان نەوشیروان مستەفا دەهێنینەوە کە دەڵێت: "تا گەنجێکی حەماسی خاوەن خەونی گۆڕانکاری مابێت لەم سەری کوردستان بۆ ئەوسەری کوردستان و بە ئاڵایەکی نیلییەوە بەشەقامەکاندا بگه‌ڕێت و بانگەشە بۆ گۆڕانکاری بکات، دەست لەم رێبازە هەڵناگرین و بەردەوام ئەبین".

نما نەوشیروان مستەفا
چیا نەوشیروان مستەفا
25/7/2019



PM:10:40:25/07/2019