ئەردۆغان: با یەپەگە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا ئامادە بکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ته‌واوی هێرشكارانی هێرشەکەی هەولێر ده‌ستگیركراون، لەبارەی یەپەگەشەوە دتڵێت "بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات پرس بەکەس ناکەین".

ئەمڕۆ لەمیانی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی پارتی داد و گەشەپێدان لەئەنقەرە، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی کوژرانی کارمەندێکی کۆنسوڵخانەی تورکیا رایگه‌یاند "هێرشكردنه‌ سه‌ر كارمه‌ندی كۆنسوڵخانه‌كه‌مان له‌ هه‌ولێر، ئه‌وه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌مان تاوەکو چه‌ند ئامانجه‌كه‌ی پێكاوه. سوپاس بۆ خوا ته‌واوی هێرشكاران ده‌ستگیركران و پلان داڕێژه‌رانیشی له‌نێوبران‌". 

له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئاسمانی و وشكانییه‌كانی سوپای توركیا له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی باشووری كوردستان، ئه‌ردۆغان دەڵێت "ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ چیا سه‌خته‌كان، له‌ ده‌شته‌ رێكه‌كان كه‌ رێك ده‌كه‌ونه‌ ئه‌ودیوی سنووره‌كانمان، رێگریی له‌ تیرۆریستان بكه‌ین و هێڵێكی ئه‌منیی دروستبكه‌ین. كاتێك كه‌ له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتنمان به‌ده‌ستهێنا، په‌نا به‌خوا پرسێكمان به‌ناوی قه‌ندیل نامێنێت. ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی چەنگی یه‌ك و دوو خه‌ریكن ته‌واوی ئامانجه‌كانیان بپێكن، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ عێراق و ئێرانیش له‌سه‌ر هێڵین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی په‌كه‌كه‌".

هاوکات سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دەبێت یەپەگە خۆی بۆ شەڕ لەدژی سوپای تورکیا ئامادەبکات، بە تایبەت لە مەنبج و رۆژهەڵاتی فورات و سوپای تورکیا ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان و پرسیش بە کەس ناکەن بۆ وەها ئۆپەراسیۆنێک.

ئەوش لەکاتێکدایە سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەی ئارام، ئەم هەفتە جەیمس جێفری، نێردەی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتی دژی داعش، سەردانی تورکیای کرد و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئەمریکا قبووڵی ناکات تورکیا تاکلایەنە هێرشبکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان.

مۆرگان ئۆرتەیگوس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "ئامانجی سەرۆک و ئامانجی وەزیری دەرەوەش لە سووریا بە دڵنیاییەوە ئەوەیە کە رێگری لەوە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی بگرن کە بوونی ئەم بۆشاییە دەبێتە ناسەقامگیربوونی ناوچەکە، هەروەها ئێمە دەمانەوێت ئەم هەنگاوە بە چارەسەرکردنی نیگەرانییە شەرعییە ئەمنییەکانی تورکیا بکەین، هاوکات پارێزگاریش لە هاوبەشەکانمان لە شەڕی دژ  بە داعش بکەین".

سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی وت "بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن روخسەت لەهیچ کەس ناخوازن، با یەپەگە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا ئامادە بکات".

ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی توانای سه‌ربازیی سوپای توركیا رایگه‌یاند "كاتێك هاتینه‌ ده‌سه‌ڵات، توركیا 20%ـی چه‌كی خۆماڵی خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنا، كه‌چی ئاسته‌كه‌ ئێستا له‌ سه‌رووی 80%یه‌ و په‌نا به‌خوا ده‌یگه‌یێنینه‌ 100%، به‌دڵنیاییه‌وه‌ دوای دوو ساڵی دیكه‌ هه‌موو جیهان شۆك ده‌كه‌ین به‌دروستكردنی چه‌كی نوێتر و به‌هێزتر. له‌ به‌رنامه‌ماندایه‌ و كارده‌كه‌ین بۆ دروستكردنی فڕۆكه‌ی میللی شه‌ڕكه‌ری توركیا". 

سەبارەت بە بێبه‌شكردنی توركیا له‌ فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری ئێف 35، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند "به‌هۆی ئێس 400ـه‌وه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بێبه‌شبكرێین له‌ فڕۆكه‌ی ئێف 35، له‌كاتێكدا ئه‌مریكا چوار فڕۆكه‌ی راده‌ست كردووین، به‌ڵام رێگه‌ناده‌ن بیگوازینه‌وه‌ توركیا. ئێف 35مان پێناده‌ن؟ کەواتە ببوورن، ئێمه‌ بۆ ئەو پرسەش‌ دیسان رێكاره‌كانمان ده‌گرینه‌به‌ر و پلانی دیكه‌مان هه‌یه‌، بۆ شوێنی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ و به‌هێزترین فڕۆكه‌كان له‌وان ده‌كڕین".


PM:02:28:26/07/2019