هاوسەرۆكی پەیەدە: ئەگەر هێرش بكرێتە سەرمان بەرخۆدانێكی گەورە دەكەین

شاهۆز حەسەن هاوسەرۆكی پارتیی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە) ڕایگەیاند،" گفتوگۆ بۆ ئەوان گرنگە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورك هێرش بكات، بەرخۆدان لە دژی هێرشەكان گەورە دەبێت".

هاوسەرۆكی پەیەدە شاهۆز حەسەن لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) ڕایگەیاند:" دەوڵەتی تورك هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئارامیی ناوچەكە، سیاسەتی قڕكردن لە بەرانبەر كورد بەڕێوە دەبات، ئەوەی بە دەستی چەتەكانی داعش و جەبهەی نووسرە نەیتوانی بیكات، ئێستا خۆی دەیكات، سیاسەتی دەوڵەتی تورك مەترسیدارە، چەپەڵە و هیچ كەسێك قبووڵی ناكات".

شاهۆز حەسەن ڕایگەیاند، دوای تێكشكاندنی داعش لەلایەن قەسەدە-وە، دەوڵەتی تورك بە هەموو شێوەیەك دەیەوێت ئارامیی ناوچەكە بشێوێنێت، پەیوەندی نێوان دەوڵەتی تورك و چەتەكانی داعش چەندین جار سەلمێنراوە و دەركەوتووە كە لەپشت هێرشی چەتەكان توركیا هەیە، دوایین جاریش داگیركردنی عەفرین و بە بەكارهێنانی ئەو گرووپە چەتانە بەڕێوەچوو كە ئامانجی سەرەكییان داگیركردنی پارچەیەك لە خاكی سوریا بوو، لە سەرەتای ئاڵۆزییەكانی سوریادا دەوڵەتی تورك داگیركردنی هەموو سوریای كردبووە ئامانجی خۆی، ئەردۆغان دەیگوت، (لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا لە شام نوێژ دەكەین) ئێستاش دەیانەوێت ئەو هەرێمانە داگیر بكەن كە لەدەست داعش ڕزگار كراون، لە بنەڕەتدا هەڕەشە لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی دەكات.

هاوسەرۆكی پەیەدە گوتیشی، «هەڕەشەكانی دەوڵەتی تورك لەسەر دەستگیركراوەكانی داعشیش مەترسییە، ژمارەیەكی زۆر چەتەی داعش گیراون، دەبێت ئەو كێشەیەی گیراوەكان چارەسەر بكرێت، كار دەكرێت بۆ ئەوە، بەڵام هەڕەشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر خاكی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جارێكی دیكە هەناسەیەك بە بەر چەتەكانی داعشدا دەكاتەوە و چەتەكانی داعش و گروپە چەتە مەترسیدارەكان، دەیانەوێت دژی ئەزمونی دیموكراتی بكەونە جموجوڵ، دەوڵەتی تورك ئەو شتە بە ئەنقەست دەكات.

لە درێژەی لێدوانەكەیدا ناوبراو گوتی، ئەگەر هێزە نێونەتەوەییەكان و ئەو هێزانەی پەیوەندیدارەكان دەیانەوێت ئاسایشی ناوچەكە بپارێزن، دەبێت ڕێگەی دەستێوەردانی توركیا لە ناوچەكە بگرن، توركیا دەیەوێت بە بەردێك چەند چۆلەكەیەك بكوژێت، یەكەمیان ئەوەیە كە پارچەیەك لە خاكی سووریا بگرێت، دووەمیش لە قڕكردن و سیاسەتەكەی دژبە كورد بەردەوام بێت، دەوڵەتی تورك بە بیانووی نیشتەجێكردنی هاوڵاتیانی سوریا كە ئەوانیش ئەو گروپە چەتانەی سەربە توركیان، دەیەوێت هەرێمە كوردییەكان بە كورد چۆڵ بكات و گروپە چەتەكان لەوێ جێگیر بكات، بەم شێوەیە حوكمێكی ئیخوان موسلیمینی سەر بە دەوڵەتی تورك دروست بكات، ئەوەش دۆخێكی زۆر مەترسیدارە.

هاوسەرۆكی پەیەدە ڕایگەیاند، لەو ناوچانەی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاسایش هەیە، ئەوەی مەترسییە هەبوونی توركیایە، هێزە نێونەتەوەییەكان چۆن ئاسایشی ئەو ناوچانە دەپارێزن و بەرەو پێشەوەی دەبەن؟ ڕێگە چارەی دیالۆگ بنامەیە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورك دیالۆگ نەكاتە بنەما و هێرش بكات، ئەو كاتە ئێمەش لە بەرانبەر ئەوەدا بەرخۆدانێكی گەورە دەكەین.

شاهۆز حەسەن دەربارەی جموجۆڵەكانی دەوڵەتی تورك لەسەر سنوورەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گوتی، بەبێ مشتومڕ دەوڵەتی تورك نیازی هێرشكردنی بۆ سەر باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە، ئەگەر نیازی نەبوایە، ئەوەندە سەرباز، چەكی قورس و گروپی چەتەكانی لەسەر سنور جێگیر نەدەكرد، بەڵام هەموو كەس دەبێت بزانێت كە هێرشێكی لەو شێوەیە نەك تەنیا بۆ گەلی هەرێمەكە، بەڵكو بۆ توركیاش دەبێتە ئاڵۆزییەكی گەورە هەروەها كاریگەری هێرشەكە لەسەر سیاسەتی ئەمەریكا و ڕووسیاش دەبێت.



PM:08:56:26/07/2019