وەفدێکی باڵای ئێران سەردانی هەرێم دەکات

‌وەفدەکەی ئێران بەسەرۆکایەتی ئەمیری- کامیرای: کەی ئێن ئێن

وەفدێکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەفتەی رابردوودا بە سەردانێکی فەرمی و نهێنی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان کۆدەبنەوە.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، وەفدەکەی بەسەرۆکایەتی، ئەمیری و وەفدێکی پایە بالآی ئەو ولآتە بوووە، ئەمیری جێگری عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە.

 

سەبارەت بەو بەرپرسە کوردانەی وەفدە ئێرانییەکە لە گەڵیان کۆبۆتەوە، سپی زانیوویەتی لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی و حکومی پارتی و یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەتەوە.

 

وەفدەکە سەرەتای کۆبوونەوەکانیان لە هەولێرەوە دەستی پێکردووەو، بەجیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت کۆبوونەتەوە، تا ئێستا سپی زانیاری لانییە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبووبێتنەوە.

 

لە سلێمانییش بەپێی ئەو زانیاریانە، لەگەڵ هەریەک لە بنەماڵەی تاڵەبانی و کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کۆبوونەتەوە، هەروەها رۆژی پێنج شەممە ٢٥ ی تەموز سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کردووەو لەگەڵ عومەری سەید عەلی و چەند ئەندامێکی خانەی راپەڕاندن کۆبوونەتەوە، ئەم سەردانەی وەفدەکەی ئێران بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان لە میدیاکانی گۆڕانەوە بلآوکرایەوە، بەلآم لە میدیای ئەو حیزبەدا بەو شێوەیە باسکراوە کە وەفدەکە بۆ پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی دە ساڵەی بزووتنەوەی گۆڕان هاتوون.

 

ئەم سەردانە لەلایەن پارتی و یەکێتی یەوە بەنهێنی ماوەتەوەو هیچ کەناڵێکی فەرمی و نزیکی ئەو دوو حیزبە سەردانەکەو ئامانجی سەردانەکەیان بلآونەکرۆدتەوە.

 

بەپێی ئەو زانیاریە سەرەتاییانەی دەست " سپی " کەوتووە ئامانجی سەردانەکەی مەسەلەی ئەمنی و ئابوری لەگەڵ بەرپرسانی کوردا باسکراوە، ئێران لە رووی خۆراکەوە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمەڕیکاو کەمبوونەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتەوە، دووچای کێشەی نەبوونی خۆراک و کڕینی بە دراوی بیانی بۆتەوە.




PM:02:09:27/07/2019