بەرپرسێکی پێشووی گۆڕان: حەمە تۆفیق رەحیم یەکێکە لە نوخبە سیاسیە فاشیلەکەی هەرێم

رێکخەری پێشووی ژووری توێژینەوەی سیاسی گۆڕان، د. محەمەد هەورامی دەڵێت" قسەكردن لەو سیاسییانەی كە زۆر ڕۆڵی خراپیان ھەیەو لەزۆربەی بوارەكانی ژیانی سیاسیدا فاشیلن، بەڵام بە پیاو چاك و عەبقەری ناویان ڕۆشتوە، زۆر پێویستە، حەمەتۆفیق نمونەی ئەم سیاسی و كە سایەتیانەیە".

لە وتارێکدا بەناونیشانی " نوخبەی سیاسی فاشیلی هەرێم: حەمەتۆفیق بەنمونە" کە کۆپیەکی بۆ ماڵپەڕی " سپی " نێردراوە، د. محەمەد هەورامی رێکخەری پێشووی ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان نووسیوویەتی " لەژیانمدا خەڵكی بەدی سیاسی زۆرم ناسیوە، بەڵام شەیتانێك لەبەرگی فریشتەدا وەك حەمەتۆفیق ، نمونەی زۆر دەگمەنە".

هەروەها د. محەمەد هەورامی کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە وازی لە گۆڕان هێناوە، نووسیوویەتی" حەمە تۆفیق کەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا نوێنەری بنەماڵەکەی دەکرد، بەدترین ڕۆڵی بینی لە ململانێكانی ناو گۆڕان و یەكێكە لە ئەندازیارە ھەرە خراپەكانی وێرانبونی گۆڕان".

دەقی وتارکە 
نوخبەی سیاسی فاشیلی هەرێم: حەمەتۆفیق بەنمونە 

د.محمد علی 
یەكەم:
 باسكردنی كەسایەتییە سیاسییە بەدەكان ھەرگیز بە شەخسەنەكردنی ململانێكان نییەو لەواقیعدا، ئەوە مرۆڤەكانن سیاسەت دەكەن و بەناچاری پێویستیشە ناویان بھێنرێت.
دوەم: بەتایبەتی قسەكردن لەو سیاسییانەی كە زۆر ڕۆڵی خراپیان ھەیەو لەزۆربەی بوارەكانی ژیانی سیاسیدا فاشیلن، بەڵام بە پیاو چاك و عەبقەری ناویان ڕۆشتوە، زۆر پێویستترە. حەمەتۆفیق نمونەی ئەم سیاسی و كە سایەتیانەیە. 
سێیەم: زۆر شارەزای كارەكانی ناوبراونیم لە یەكێتیدا، بەڵام ئەوە دەزانم چ لەشاخ و چ لەشاریش، زۆر موستەفید بوە لەوەی كە زاوای نەوشیران مستەفایە، ئەو بوە بە وەزیری پیشەسازی لە بەغدادو یەكێك بوە لە وەزیرە ھەرەناكاراو بێبەرھەمەكان. 
چوارەم: لەسەردەمی گۆڕاندا، ڕێكخەری ژوری دیبلۆماسی بوە. بەشایەتی ھەمو دامەزراوەكانی گۆڕان و گۆڕانخوازان، حەمەتۆفیق ھەرچی توانایەكی ھەبوبێ، ھیچ توانایەكی دیبلۆماسی نەبوەو ئەم ژورەو ڕێكخەرەكەی یەكێك بون لە فاشیلترین ئۆرگانەكانی گۆڕان و قسەو باسی زۆربەی گردەكە بریتیبووە لە بێتوانایی ئەم كەسە لەو شوێنەدا. 
پێنجەم: پاش كۆچی دوایی نەوشیران مستەفا، پێگەی حەمەتۆفیق زۆر لاوازبو. بە بەكارھێنانی پێگەی خێزانیی(زاوای نەوشیران مستەفا )و پشتگیریكردنی لەلایەن كوڕەكانی كۆچكردوو ژمارەیەك گەنج و بەتەمەن، حەمەتۆفیق نوێنەرایەتی دەزگایەكی داتاشراوی نوێی كرد ئەویش: ماڵی نەوشیروان مستەفا! 
شەشەم: بەم نوێنەرایەتییە نوێیەشەوە، بەدترین ڕۆڵی بینی لە ململانێكانی ناو گۆڕان و یەكێكە لە ئەندازیارە ھەرە خراپەكانی وێرانبونی گۆڕان(نوسینێکی ترمان تەرخان دەبێت بۆ تەفاسیلی ئەو ململانێیانە). 
حەوتەم: لەژیانمدا خەڵكی بەدی سیاسی زۆرم ناسیوە، بەڵام شەیتانێك لەبەرگی فریشتەدا وەك حەمەتۆفیق ، نمونەی زۆر دەگمەنە. 
ھەشتەم: بەنوێنەرایەتی ماڵی نەوشیروان مستەفا! دوساڵ لەمەوپێش بو بە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن و سكرتێری گرنگترین ئۆرگانەكانی گۆڕان(ژورەكان)، دیسانەوە لەم پۆستەشیدا، بەشایەتی ھەمو ئۆرگانەكان، فاشیلترین بەرپرسی ژورەكان بوە. 
نۆیەم: ئێستاش پاش ئەوەی بێئومێدبوە لەوەی كە ڕێگە نادرێت ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن پۆستی حكومی وەرگرێت، دەستی لە خانە كێشاوەتەوە لەپێناو بون بە جێگری دوەمی نێچیرڤان بارزانی! لەمەش فەزیحەتتر(ڕێپێدراوە یاساییەكەی!)، دەیەوێت ئەم ھەنگاوە بەدەی تری حەمەتۆفیق بەدەستكەوتی دیموكراسی بفرۆشێتەوەو گوایە وادەی خانە تەواوبوە بۆیە دەستی لەكاركێشاوەتەوە؟! 
ئەمەش بێشەرمیی سیاسییە تا دواسنور!




PM:10:13:27/07/2019