دژە تیرۆر بە دوای کەسێی تری رووداوی کوشتنی بەرپرسەکەی تورکدا دەگەڕێت

دژه‌ تیرۆری كوردستان داوا لە هاوڵاتیان دەکات  هه‌ر كه‌س زانیاریی هه‌یه لەسەر "سیاکۆ باقی عەبدولکەریم" کەسێکی بەشداربووی رووداوەکەی هەولێرە، په‌یوه‌ندی به‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ بكات.

له‌ ئاگادارییه‌كدا دژه‌ تیرۆری كوردستان رایگه‌یاندوه‌" تۆمەتبار (سیاکۆ باقی عەبدولکەریم) کە وێنەیەکیشیان بڵاوکردۆتەوە، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە داواکراوە".

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ناوبراو تۆمەتبارە بە بەشداریکردنی لەكرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی رۆژی 17ی ته‌مووزی شاری هه‌ولێر، كه‌ تێیدا كارمه‌ندێكی كونسوڵخانه‌ی توركیا له‌ هه‌ولێر و دوو هاونیشتمانی گیانیان له‌ده‌ستدا." 

ئەو دەزگایە داوا دەکات "هەرکەسێک زانیاری لەسەر ناوبراو هەیە بەزووترین کات پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەکانەوە بکات".
لە هەولێر رۆژی 17ی ته‌موز، چەند چەکدارێک  لە رێستۆرانتی ( ئۆك باز) بەرپرسێکی تورکیان کووشت و لەو رووداوەدا دوو هاوڵاتی هەرێمیش کوژران.

لە رۆژانی دوای رووداوەکەدا هێزە ئەمنییەکان هەریەک لە (مه‌زلوم داغ)و و (محه‌مه‌د بیسكسز)  و چەند کەسێکی تری باشوری کوردستانیان دەستگیرکرد.



PM:10:51:27/07/2019