وەزارەتی‌ ئاوەدانكردنەوە پلانی‌ كاركردنی‌ بۆ چوار ساڵی‌ داهاتووی ئاشكرادەكات

وەزارەتی‌ ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم بەشێك لە پلانی‌ كاركردنی‌ بۆ چوار ساڵی‌ داهاتووی‌ ئاشكرادەكات، وەزیری‌ ئاوەدانكردنەوەش باس لە دانانی هێڵی‌ ئاسنین دەكات هەرێمی‌ كوردستانەوە.

ئەمڕۆ  28ی‌ تەمموزی‌2019، لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا دانا عەبدولكەریم وەزیری‌ ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی‌ هەرێم  پلانی‌ چوار ساڵی‌ داهاتوی‌ وەزارەتەكەی‌ ئاشكراكرد و رایگەیاند لەئەولەویەتی‌ كارەكانمانە و هەوڵدەدەین هێڵی‌ ئاسنین بهێنینە ناو هەرێمی‌ كوردستانەوە، چونكە ئەو هێڵە نەك هەر بۆگواستنەوە بەڵكو بۆ هاتووچۆكردنیش بەگرنگ و پێویست دەزانین، وتیشی‌: وەك وەزارەت پلان بۆ ئەنجامدانی‌ ژمارەیەك پرۆژە لەبواری‌ رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە دادەرێژین و كاریان لەسەر دەكەین، یەكێك لەبەرنامەی‌ كارەكانیش تایبەت دەبێت بەدووسایدكردن و تەواوكردنی‌ ئەو رێگایانەی‌ كارەكانیان تەواونەكراوە، هەوڵدەدەین تاكۆتایی‌ ساڵی‌ 2023 كارەكانیان تەواو بكەین.

ئاماژەی‌ بەوەشكرد، یەكێكی‌ تر لەئەولیەتی‌ كارەكانیان تایبەتە بەچاككردنەوەی‌ رێگاوبان و پاراستنیانی‌ لەخراپ بوون، لەبارەی‌ بەرنامەی‌ وەزارەتی‌ ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بۆ دروستكردنی‌ یەكەی‌ نیشتەجێبون بۆكرێنشینان وتی‌"دەخرێتە بەرنامەی‌ چوار ساڵی‌ داهاتووی‌ وەزارەتی‌ ئاوەدانكردنەوە".



PM:02:01:28/07/2019