بافڵ تاڵەبانی: كۆنگرە بۆ تەسفیە و دابەشكاری و پشك پشكێنە نییە

بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی گروپی بەستنی كۆنگرە لەبارەی رێوشوێنەكانی بەستنی كۆنگرەی یەكێتیی كۆبووەوە و ڕایگەیاند "كۆنگرە بۆ تەسفیە و دابەشكاری و پشك پشكێنە نییە، بەڵكو بۆ هێنانەپێشەوەی تواناو هێزی نوێیە".

بەگوێرەی میدیای یەكێتی سەرەتا گروپی بەستنی كۆنگرە لە راپۆرتێكدا، بەرچاوڕونییاندا لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ دروستكردنی كۆدەنگی لەسەر كاتی بەستنی كۆنگرە و میكانیزمەكانی بەڕێوەچوونی.

لەدیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی، رایگەیاند، "یەكێتی هێزی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێیە و هی هەمووانیشە، بۆیە دڵنیابن كۆنگرەی نوێبوونەوە و خۆڕێكخستنەوە دەبەستین و پێكەوە لەژێر چەتری رێبازەكەی هەڤاڵ مام جەلال بەردەوام دەبین بۆ تەواوكردنی بەرنامەكەی مام".

بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت "كۆنگرە بۆ تەسفیە و دابەشكاری و پشك پشكێنە نییە، بەڵكو بۆ هێنانەپێشەوەی تواناو هێزی نوێیە، بۆ داڕشتنەوەی پەیڕەو پڕۆگرامی نوێیە، كە وەڵامدەرەوی گۆڕانكارییەكان و داخوازییەكانی كادران و دڵسۆزانی یەكێتی بێت".

راشیگەیاند، كۆنگرەی راستەقینەو بێ تەوافق دەبەستین و بەرەو قۆناغێكی نوێی سیاسی هەنگاو دەنێین، یەكێتییەكی بەهێزتر بۆ كوردستانێكی بەهێز بنیاد دەنێینەوە.



PM:02:16:28/07/2019