دادگای‌ سلێمانی‌ وەڵامی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەداتەوە

دادگای‌ سلێمانی‌ لەڕونكردنەوەیەكدا وەڵامی‌ جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ‌ دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، "شاسوا عەبدولواحید بەتۆمەتی‌ فێڵ و هەڵخەڵەتاندن بڕیاری‌ دەستگیركردنی‌ بۆ دەرچوە".

لەڕاگەیەنراوێكی‌ دادگای‌ سلێمانی‌ ئاماژە بەوەكراوە، "ڕۆژی 29ی‌ 7ی‌ 2019 جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەڕاگەیەندراوێكدا هێرشێكی ناڕەوای كردۆتەسەر دادگاو دەسەڵاتی دادوەری و تۆمەتی بێبنەماو ناڕاستی داوەتە پاڵمان بەمەبەستی چەواشەكردن و بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی، بۆ هەموو هاوڵاتیانی بەڕێزی هەرێمی كوردستان ڕوندەكەینەوە كە دادگاكان بەگوێرەی‌ یاسا بەركارەكان كاردەكەن و دورن لەهەر كارێكی سیاسی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەكان و هەموانیش لەبەردەم یاسادا یەكسانن".

دەشڵێت "ئەو دۆسیەی كە لەبەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە فەرمانێكی دەستگیركردنە بۆ (شاسوار عەبدولواحید قادر) كە خاوەنی كۆمپانیای چاڤی گەشتیاری بوە، وەك هاوڵاتیەكی تۆمەتبارو بەبێ ڕەچاوكردنی پلەو پۆستە سیاسیەكەی كە لەلایەن كۆمەڵێك لەخاوەن پشكەكانی چاڤیلاندەوە سكاڵای لەسەركراوە".

ئەوەش هاتووە "تۆمەتی فێڵ و هەڵخەڵەتاندن (احتیال)ی دراوەتە پاڵ بەگوێرەی‌ مادەی (٤٥٦) لەیاسای سزادانی عیراقی و كەیسەكەش لەقۆناغی لێكۆڵینەوەدایە".



PM:03:27:30/07/2019