ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا: ئۆپەراسیۆنەكانی چنگ ١ و چنگ ٢ لەباكوری عێراق بەردەوام دەبێت

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی پەیوەندیدار بە "تیرۆركردن"ی ئەو دیپلۆماتە توركە دەكات كە لە هەولێر هێرشی كرایە سەر و ڕاشیگەیاندووە " ئۆپەراسیۆنەكانی چنگ ١ و چنگ ٢ لەباكووری عێراق بەردەوام دەبێت.

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا بەسەرۆكایەتی سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆشكی كۆماریی توركیا بەڕێوەچوو ٦ كاتژمێر و ١٠ خولەكی خایاند و دواتر ڕاگەیەندراوێك بڵاوكرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا جەخت لەوە دەكاتەوە كە "توركیا بەهەمان پێداگری و هەڵوێستی رابردوو رووبەڕووی هەموو رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەبێتەوەو تێیدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئۆپەراسیۆنەكانی چنگ ١ و چنگ ٢ لەباكووری عێراق بەسەركەوتوویی بەڕێوەدەچێت و ئەو ناوچانەی ئۆپەراسیۆنەكانیان تێدا ئەنجام دەدرێت تا بە تەواوی پاك دەكرێنەوە، بەرەنگاری تیرۆر تێیاندا بەردەوام دەبێت".

ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا ئاماژە بە دۆخی سووریا دەكات و سووربوونی توركیا بۆ دروست كردنی رێڕەوێكی "ئارام" دووپات دەكاتەوە و تێیدا هاتووە، "بەهەموو هێزمانەوە سوور دەبین لە هەوڵدان بۆ بنیاتنانی "رێڕەوی ئاشتی".

ئەوەش هاتووە، "لە كۆبوونەوەكەدا جەخت كراوەتەوە لە هاریكاری نێوان توركیا و كۆماری توركی باكووری قوبرس لەبارەی ئەو ماف و بەرژەوەندیانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆیان بەرجەستە دەكەن كە پشتبەستووە بە بنەمای سەقامگیری و ئاشتی ناوچەكە و سووربوون و بەردەوامیدان بە هەڵوێستی سەرەكیمان مایەی گرنگی پێدانە". هاوكات دەڵێت، "چاوەڕوانییەكان و هەستیارییەكانی تایبەت بە هاریكاری ئاسایش و بەرگری هاوبەشیی ستراتیژی توركیا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكە باسیان لێوە كرا."

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی توركیادا ئاماژەی بەوەكردووە كە توركیا لەبارەی رێككەوتننامەی ناتۆ "بەشێوەیەكی گونجاو لەگەڵ رۆحیەتی رێككەوتنە دووقۆڵییەكاندا، بەرپرسیارێتییەكانی خۆی لەسەر بنەمای پابەندبوون بۆ پەیمانەكان و یاسا نێودەوڵەتییەكان جێبەجێ دەكات و چاوەڕێی هەمان هەستیاریشە كە لەلایەن هاوپەیمانەكانییەوە بنوێنرێت".





PM:02:21:31/07/2019