مایکل رۆبن: تورکیا دابەشبووە، بەم نزیکانە سنورەکانی گۆڕانکاری بەسەردا دێت

توێژەری دیاری ئەمەریکی پێیوایە تورکیا لە ئێستادا دابەشبووە، بەتایبەتی کورد دەوڵەتێکی سەربەخۆ دادەمەزرێنن، یان سیستەمێکی فیدراڵی.

پەیمانگای " ئەمەریکان ئینتەر برایز " بۆ دراسات و توێژینەوە، وتارێکی نووسەری گەورەی ئەمەریکی مایکل رۆبنی بڵاوکردۆتەوە کە باس لەدۆخی تورکیا دەکات، ئەو پێش ئەوەی کودەتای پێنجەم رووبدات پێشبینی ئەوەی دەکرد کە کودەتا لەو وڵاتە ببێت، لەم وتارە تازەیەیدا دەڵێت " دابەشبوونی دەروونی تەواو بووەو، مێژووش سەرۆکی ئێستای ئەو وڵاتە، ئۆردوغان، بە پیاوێکی خراپ و  لوتبەرز و سەرکوتکار وەسف دەکرێت". 

روبن کە توێژەرێکی گەورەی ئەمەریکیەو بەوە ناسراوە رەخنە لە رژێمەکانی ناوچەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەگرێت، لەو وتارەدا دەڵێت" ئۆردوغان بە کردەوە پرۆسەیەکی خوێناوی و ناشیرین دژی کورد پیادە دەکات، ئەو توانی دەنگی زۆر بەدەستبهێنێت وەک ئەو پلانەی داینابوو بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی، بەڵام دوای ئەوەی دەنگی هێنا، ئەو بەڵێنانەی لە بیرکرد، هەروەها پشتیکردە ئەو بەڵێنانەی بە کورد دابوو".

روبن، باس لەو کاولکارییە دەکات ئۆردوغان لە دژی کوردان لە شارەکانی جەزیرەو سلوپی و نسیبین و شارەکانی دی ئەنجامی داون.
ئەو توێژەرە پێێوایە ئەو توندتیژیەی ئۆردوغان دوای گفتوگۆی ئاشتی ئەنجامی داوە، کوردی گەیاندۆتە ئەو حاڵەتەی کە چیتر بڕوای بە پێکەوە ژیان نەبێت لە تورکیا.

رۆبن، پێیوایە ئەنجامی ئەو سیاسەتە کەشێک دوروستبووە کە تورکەکان وەک غەریبێک تەماشای کورد لەو وڵاتەدا دەکەن، تورکیا بە قۆناغێکی تەواو دابەشبووندا تێدەپەڕێت.

توێژەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەبێت تورک رووبەرووی ئەو راستیە ببنەوە کە وڵاتەکەیان دابەشبووەو بەم نزیکانەش سنورەکەی دەگۆڕدرێت. ئەوەی تا ئێستا یەکلایی نەبۆتە ئایا کورد دەوڵەت دروست دەکات، یان سیستەمێکی فیدراڵی.




AM:10:17:03/08/2019