وەزارەتی دارایی: سەرجەم وەزارەتەکان پێش جەژن مووچە وەردەگرن

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکانی پێش هاتنی جەژنی قوربان دەرکرد.

لە راگەیەندراوێکدا کە نووسینگەی فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق، بڵاویکردەوە، تیایدا هاتووە، "بەڕەچاوكردنی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و مادی هەموو فەرمابنەرانی دەوڵەت و بەبۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، وەزیری دارایی فەرمانگەی ژمێریاری راسپارد مووچەی هەموو فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەكانی حكومەت بەر لە هاتنی جەژنی قوربان دابەش بکەن".

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزیری دارایی ئاماژە بەوەش کراوە، کە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان بەپێی خشتەیەكی كاتی دەبێت بۆ هەموو یەكەكانی دارایی سەر بە وەزارەت.

ئەوە لە کاتێکدا کە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پێشبینی دەکرێت، لە رۆژانی داهاتوودا بەغدا بڕە پارەیی هەرێم بنێرێت  و بەمەش پێدانی مووچەی وەزارەتەکانی هەرێم پەلەی لێبکرێت.




PM:10:26:04/08/2019