مۆڵەتێکی دیاریکراو دەدرێتە حەشدی شەعبی بۆ چۆڵکردنی شاری موسڵ

سوپای عێراق ماوەی چوار كاتژمێر مۆڵەتی بە حەشدی شەعبی داوە مووسڵ چۆڵ بکەن و سوپای عیراقیش خۆی کۆکردووەتەوە بۆ ناچاركردنی حەشدی شەعبی بە كشانەوە لە شارەكە.

بە پێی زانیارییەکانی میدیاکانی نزیک پارتی، سوپای عێراق تا كاتژمێر ١١ی ئەمشەو مۆڵەتی بە حەشدی شەعبی داوە تا لە مووسڵ بكشێتەوە و بازگەکانی ئەو شارە چۆڵ بكات.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەم بڕیارەش لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە دەركراوە، بەڵام تا ئێستا حەشدی شەعبی پابەندی بڕیارەکە نەبووە و بەیانیی ئەمڕۆش رێگەی ھەولێر - مووسڵی داخست.

هاوکات لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆدا  بارودۆخی ئەمنیی شاری مووسڵ شڵەژاوە سوپای عێراق بە چەکی قورس و مام ناوەندەوە لە دەوروبەری حەشدی شەعبی كۆبووەتەوە، ئەمەش دۆخی شاری مووسڵی ئاڵۆز کردووەو هەروەها بەهۆی هێرشی حەشدی شەعبیەوە بۆسەر سوپای عیراق.


PM:09:48:05/08/2019