موراد قەریلان: ڕەنجی پێشمەرگە گیانفیداکان لە باشور هیچکات نابێتە ئامانجی ئێمە

فەرماندەی گشتی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە موراد قەرەیڵان پەیامێکی گرنگی ئاراستەی یەکێتی و پارتی کرد.

دوێنێ ٤ی ئاب 2019 موراد قەریلان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" ئێمە ناڵێین بەرپرسانی باشوری کوردستان لەگەڵ میت بوونەتە یەک و ڕاپۆڕت لەسەر ئێمە دەدەن، بەڵام هەندێک کەس زانیاری دەدەنە دەوڵەتی تورک، ئینجا ئەوانە تاکە کەسن یانیش حزبە ئەوە بابەتتێکی جیاوازە، بۆ نمونە لێژنەیەک دەتوانێت ئەوە ڕوون بکاتەوە، لەوانەیە کەسانێک بەو شێوەیە کار دەکەن، لەناو هەواڵگری هەرێمیشدا هەبن".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک زانیاری لای ئێمە هەن کە دەوترێت هەندێک کەس بەبێ ئاگاداریی حزبەکەیان ئەو کارانە دەکەن بەگوێرەی زانیارییەکانی بەردەستمان پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانی باشوور لە چەندین شارەدێ و شارۆچکە جێگیر بوون و جێگیریش دەبن (بەرامبەر پەکەکە) ئێمە دەڵێین ئەوە پێویست دەکات؟  ئێمە دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان وەکو دەستکەوتەکانی خۆمان و ئەو گەلە دەبینین، ڕەنجی گەلە قارەمانەکەمان لە باشور و پێشمەرگە گیانفیداکان هیچکات نابێتە ئامانجی ئێمە بیرکردنەوەیەکی خراپی لەو شێوەیەمان نییە.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی پاراستنی گەل ئاشکراشیکرد، پێشتر بەڕێز کاک مەسعود وتبووی "شەڕی ناوخۆ و براکوژی حەرامە"، ئەمە زۆر بەجێیە، ئێمەش وەک پەکەکە وتمان" دەفتەری شەڕی ناوخۆ بە شێوەیەک دادەخەین کە هیچکات نەکرێتەوە، فڕێی دەدەین، ئێستاش هەر لەسەر ئەو باوەڕەین، ئێستا سەردەمی دیالۆگە، ئێمە نەتەوەیەکین و چارەنووسمان پێکەوە بەستراوەتەوە"، ئەمە شتێک نییە بیریشی لێبکەیتەوە، تەنانەت نامەوێت بە خەیاڵیشما بێنم، زمانیشمان ناگەڕێت بڵێن شەڕی ناوخۆ، ئەگەر شتێکی وەها ڕووبدات بۆ گەلەکەمان دەبێتە ماڵوێرانی، بۆ سیاسەتی کورد و سەرکردایەتی کوردیش شەرمەزارییەکی گەورەیە، ئەگەر ئێمە وەک نەتەوەیەک نەتوانین کێشەکانمان لە ناوخۆمان چارەسەر بکەین و نەتوانین لێهاتوویی خۆمان نیشان بدەین، داخۆ ئەمە شەرمێکی گەورە نییە بۆمان؟ دوژمن دەڵێن: نەمانوت ئەمانە عەشیرەتن! ناتوانن ببنەوە نەتەوە، لە جیهانیش وەها باسی ئێمە دەکەن.

لەکۆتایشدای وتی" گەلی کورد لە شەڕی دژی داعش-دا دیمەنێکی باشی بۆخۆی بەدەستهێنا، لە ناوچەکەش دیمەنێکی باشی نیشانداوە ئەگەر کورد شەڕی یەک بکەن ئەو دیمەنە باشەی بە دەستیهێناوە بە تەواوەتی سێبەری دەکەوێتە سەر لە بابەتی دەستکەوتەکانیش گەلەکەمان چەند ساڵ دوا دەکەوێت".


AM:09:24:06/08/2019