پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی چەند تۆمەتبارێكی ڕاگەیاند

پۆلیسی‌ سلێمانی‌ دەستگیركردنی‌ چەند تۆمەتبارێكی ڕاگەیاند و دەشڵێت "یەكێك لەتۆمەتبارەكان پاسی‌ دزیوە". 

لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا لەبەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری‌ ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ دەستگیركردنی‌ ژمارەیەك تۆمەتباری‌ لەسەر چەند كەیسێكی‌ جیاواز ئاشكراكرد و وتیشی‌ "دوو كەس ئەمڕۆ دەستگیركراون كە سێ‌ دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە، یەكێكیان دوێنێ‌ پاسێكی‌ دزیوەو دوای‌ 24 كاتژمێر هێزەكانی‌ پۆلیس توانیان دەستگیری‌ بكەن و هەر ئەمڕۆش شوێنی‌ پاسەكەش ئاشكراكراوەو ئێستا لای‌ پۆلیسە".

ئەوەشی‌ ڕونكردەوە، "ئەوكەسەی‌ ئەوكارەی‌ كردوە ماڵەكەی‌ پشكنراوەو ژمارەیەك مۆڵەتی‌ شۆفێری‌ هاوڵاتیان دۆزرایەوە لەگەڵ ژمارەیەك كەلوپەلی‌ هاوڵاتیان كە بەهۆی‌ سویچێكی‌ جۆكەرەوە ئۆتۆمبێلی‌ هاوڵاتیانی‌ كردۆتەوەو دزیونی‌".

ئاماژەی‌ بەوەشكرد، تۆمەتبارێكی‌ دیكە كە بەكارهێنەری‌ مادەی‌ هۆشبەرە دەستگیركراوە كە مادەی‌ جۆری‌ كریستاڵی‌ بەكارهێناوە لەماڵەكەی‌ خۆیدا، جەختیشیكردەوە، "مانگی‌ ڕابردوش لەلایەن هێزەكانی‌ پۆلیسی‌ سلێمانیەوە 44 تۆمەتبار دەستگیركراون لەسەر تاوانەكانی‌ (دزینی‌ ماڵان، مۆبایل، ئۆتۆمبێیل، پارە، ساختەكردنی‌ پارەو پاسپۆرت".

هەروەها دەستگیركردنی‌ دوو كەسی‌ دیكەی‌ ڕاگەیاند كە لەڕێگەی‌ ساختەكردنی‌ پێناسی‌ باری‌ شارستانیەوە خۆیان كردوە بەكوڕو باوك بۆ ئەوەی‌ یەكێكیان گورچیلەی‌ خۆی‌ بفرۆشێت.

سەبارەت بەپلانەكانی‌ جەژنیش وتی‌ "پلانێكی‌ تۆكمە دانراوە وەكو هێزە ئەمنیەكان بۆ ڕۆژانی‌ جەژن، بەڵام پێویستە هاوڵاتیان بزانن یەكەم ڕۆژی‌ جەژن هیچ مواجەیەك نییەو دوەم ڕۆژ بۆ پیاوانەو سێیەم ڕۆژیش بۆ ژنان بۆ سەردانی‌ گرتوخانەكان".



PM:02:06:07/08/2019