وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، دانووستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وامن، بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن له باره‌ی میكانیزمه ئه‌منییه‌كان و فه‌رمانده‌یی هاوبه‌شه‌وه به بێ دروستکردنی ناوچه‌ی ئارام له باكووری سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان).
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن" له به‌یاننامه‌كدا رایگه‌یاند، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا كراوه، هیچ خاڵێكی سه‌باره‌ت به گۆڕینی دیموگرافیای ناوچه‌كه تێدا نییه.
وته‌بێژی پێنتاگۆن، شۆن رۆبرسۆن، دەڵێت: ئێمه له‌گه‌ڵ توركیا سه‌باره‌ت به نوێكردنه‌وه و دیاركردنی میكانیزمی نوێی ئه‌منی له باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا قسه‌مان كردووه و گه‌یشتووینه‌ته رێككه‌وتن.
ئەوەشی ئاشراکردووە "پێنتاگۆن كار بۆ دانانی سه‌ربازگه‌یه‌كی هاوبه‌ش له توركیا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ سوپای توركیا پلان و میكانیزمی هاوبه‌ش دابنێین".
به‌یاننامه‌كه‌ی پێنتاگۆن باسی له درووستكردنی ناوچه‌ی ئارام له باكووری سووریا نه‌كردووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی توركیا دوێنێ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد.
رۆبرسۆن له باره‌ی هێزه كوردییه‌كانیشه‌وه گوتی: ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده به پشتیوانیكردنی هاوپه‌یمانه‌كانی و شكستپێهێنانی چه‌كدارانی داعش.
دوێنێ حكوومه‌تی توركیا بڵاویكرده‌وه، كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن بۆ درووستكردنی ناوچه‌ی ئارام به قووڵی 30 تا 40 كیلۆمه‌تر و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كانی سووریا بۆ ئه‌و ناوچه‌یه.
به گوێره‌ی لێدوانه‌كانی توركیا، سه‌دان هه‌زار عه‌ره‌بی په‌نابه‌ر و ئاواره‌ی سووریا كه له توركیانه، ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه ناوچه كوردییه‌كانی باكووری سووریا و ئه‌وه‌ش مه‌ترسی گۆڕینی دیموگرافیای رۆژئاوای كوردستانی لێده‌كه‌وێته‌وه.