کۆمیسۆن دوا وادەی بۆ ڕادەستکردنی ناو و لیستی قەوارە سیاسیەکان دیاریکرد

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، وادەی كۆتایی بۆ رادەستكردنی لیستی ئەو قەوارە سیاسیانەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەشداردەبن ڕاگەیاند.

لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ هەینی ریاز بەدران، وتەبێژی لیژنەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند "رێكەوتی 1ی تشرینی یەكەمی 2019 دوا وادە دەبێت بۆ رادەستكردنی ناو و لیستی ئەو قەوارە سیاسیانەی لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەشداریدەكەن".

 بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وادەی كۆتایی تۆماركردنی هاوپەیمانی قەوارە سیاسیەكان لە هەڵبژاردنەكەدا دیاریكردوە، كە دەكەوێتە رێكەوتی 10ی تشرینی یەكەم.

هاوكات وتەبێژەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان داوای لە سەرجەم قەوارە سیاسیەكان كرد، بە مەبەستی ئامادەكردن و پێشكەشكردنی لیستی قەوارەكانیان بە كۆمسیۆن، دەستوبرد بكەن و لە وادەی دیاریكراو دوانەكەون.

بڕیارە لە رێكەوتی 1ی نیسانی ساڵی داهاتودا، هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بە پارێزگای كەركوك-ەوە ئەنجامبدرێت.


PM:03:54:09/08/2019