باڵی کۆسرەت رەسوڵ وەڵامی شاناز ئیبراهیم دەدەنەوە

نوسەرێکی باڵی کۆسرەت رەسوڵ وەڵامی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەداتەوەو پێیدەڵێت" لەهەموو جیهاندا ئەم رۆژە رۆژی گەردەن ئازادی و ئاشتەوایی و تەبایی موسڵمانانە ؟ بۆیە زۆرم لا سەیرە لە ڕۆژێكی وا پیرۆزدا نەشازێك لەبڕی پیرۆزبایی ، لەو جەژنە پیرۆزەدا دێت و لە ڕێگای نامەیەكی بێ سەرو بەرەیەوە بۆ كەسی یەكەمی حزبەكەی ، دەست بە قیرە قیڕ دەكات و هەوڵی شێواندنی ڕاستیەكان دەدات كە پڕیەتی لەبوختان و دووڕوویی ".

لەو وتارەکەدا کە لەلایەن سەنگەر عەبدولسەمەدەوە نووسراوە بەناونیشانی "مژدەیەكی جەژنانە بۆ نەشازو نەشاز ئاساكان"و لە ماڵپەڕی نزیک کۆسرەت رەسوڵ، راچڵەکین بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە " بەڵام نەشاز و نەشاز ئاساكان چاویان بە كۆنگرەیەكی تەندروست هەڵنایەت ، بۆیە لەهەوڵدان بۆ خۆدەرخستن و پەردەپۆش كردنی مێژووی خراپیان و ئەو زیانانەی رۆژانە گەیاندوویانە و دەیگەیەنن بە یەكێتی" . 

هەروەها هاتووە " ئەو نەشازانە تەنها بۆ جارێكیش باسی تازەكردنەوەی پەیڕەو پرۆگرام و بەرنامەی یەكێتی ناكەن ، بەڵكو تەنها و تەنها هەڵپەیانە تازوو بگەن بە سەركردایەتی یەكێتی ، لای ئەوان كێشە نییە بە چی ڕێگەیەك و بەچی شێوازێكە گرنگ ئەویە بگەن بە دەسەلاتی زیاتر بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان" . 

ئەو نووسەرە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆسرەت رەسوڵ لە هەوڵدایە ئەمساڵ کۆنگرە ببەسترێت و دەشڵێت "
كۆنگرەیەك دەبێت بۆ لێپێچینەوە لەم نەشازانەی ماڵ و مڵكی یەكێتی قۆرغ دەكەن و بەهەدەری دەدەن ، كۆنگرەیەك دەبێت بۆ لێپێچینەوەو لەو نەشازانەی كە مێژوویەكی خراپیان هەیە لەناو یەكێتی و زەرەری زۆریان گەیاندوە بە یەكێتی . 

كۆنگرەیەك دەبێت بۆ لێپێچینەوەو لەو نەشازانەی تەنهاو تەنها لە هەڵپەدان بۆ بوون بە سەركردایەتی هەموو شتێك دەكەن لەم پێناوەدا تەنانەت ئامادەن قوربانی بەمێژووی مێژووی یەكێتیش بدەن" . 

ئەمرۆ شاناز ئیبراهیم پەیامێکی بۆ کۆسرەت رەسوڵ ناردو داوای بەستنی کۆنگرەی لێدەکات و بەناراستەوخۆ هێرش دەکاتە سەری، هەر ئەمشەویش باڵی کۆسرەت رەسوڵ وەلآمیان لەرێگای ئەو وتارەی سەنگەر عەبدولسەمەدەوە دایەوە.

لەسەر زۆر پرسی ناو یەکێتی، جێگری یەکەمی سکرتێر و شاناز ئیبراهیم کێشەیان هەیەو ناوبەناو، شاناز وتار دەنوسێت و باڵەکەی کۆسرەتیش وەلآمدەدەنەوە. 





AM:12:37:11/08/2019