لە ساڵی 1976 ڕۆژی 13 ی 8 بە ڕۆژی جیهانی چەپ دەستەکان "چەپلەر" ەکانی جیهان دیاریکرا کە خاوەنی چەندین تایبەتمەندین.
پزیشکان دەڵێن، هۆکاری 25%ی حاڵەتەکانی چەپلەری بۆماوەییە، بوونی دوانە و بە تەمەنی دایکیش رۆڵی گرنگی هەیە لە زیادبوونی حاڵەتەکاندا.
بەپێی ئامارەکان تەنیا 10%ی دانیشتووانی جیهان چەپەکانن و بەشێکی زۆری کەسایەتییە ناسراوەکانی جیهان وەک باراک ئۆباما، بیل گەیتس، ئۆپرا و دەیڤید کامیڕۆن ناپلیۆن و لیۆناردۆ داڤنشی و ئەنیشتاین و نیوتن لەوانەن کە چەپن یان چەپ بوون و کاریگەری گەورەیان لەسەر مرۆڤایەتی هەبووە.
چەند زانیارییەک لەسەر تەندروستی چەپەکان:
1.چەپلەری حاڵەتێکی بۆماوەییە.
پسپۆڕان تاکو ئێستا دڵنیانین لە هۆکاری ئەوەی بۆچی هەندێک کەس دەستەچەپن، بەڵام ئەوە دەرکەوتووە کە 25%ی هۆکاری چەپەکانی جیهان بۆماوەییە و لە خێزانەوە ماوەتەوە.
2.هۆکارە بۆ گووشاری دەروونی دووگیانی.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی بەریتانی یەکێک لە نیشانەکانی چەپلەری کۆرپە لەماوەی دووگیانی، هەبوونی گووشارێکی دەروونی زۆری دایکە لەو کاتەدا.
هەروەها دەرکەوتووە لەدایکبوونی منداڵی ناکام و بەتەمەنی دایک هۆکارە بۆ چەپلەری.
3.لە دووانەکان زۆرترە
دووانە هاوشێوەکان ئاوێنەی یەکدین، کاتێک تاکێکی دووانەیەک پەڵەیەک لەسەر روومەتی راستی هەیە، ئەوا زۆربەی کات تاکەکەی دیکە لەسەر روومەتی چەپی پەڵەی دەبێت، بۆیە کاتێک یەکێک لە دووانەکان دەستە راستە، ئەوا لە زۆربەی حاڵەتەکان ئەوەی دیکە چەپلەرە.
پێنج خاسیەتی تایبەتی چەپلەرەکان:
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە چەپلەرەکان کۆمەڵی تایبەتمەندی جیاوازیان ھەیە کە وایان لێدەکات جیاواز لە کەسانی دی دەربکەون
بە گوێرەی ماڵپەڕی گاردیان ئاماژە بەوەکراوە، چەپلەرەکان کۆمەڵێك تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە لە رووی جەستەیی و بیرییەوە کە جیاوازیان دەکات لە کەسانی دیکە و تایبەتمەندییان زیاد دەکات، بەم جۆرە:
– کەسانی چەپلەر لێهاتوون لە بۆکسێندا و لە هونەرەکانی شەڕکردندا بەتوانان.
– زاکیرەیان زۆر باشە و شتەکانیان بەشێوازێکی باشتر بیردێتەوە بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان بەشەکانی مێشکیاندا.
– لە بیرکاریدا زیرەکترن بەراورد بەو کەسانەی دەستی ڕاست بەکاردەهێنن.
– لە ڕوویەکی جیاوازەوە سەیری ژیان دەکەن و بەردەوام بیرۆکەی جیاوازیان هەیە.
– لە یارییەکانی وەك تێنس، بیسبۆڵ و کریکێتدا بەتوانان.