مستەفای سەید قادر کاندیدی گۆڕانە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم یەکلاکردووەتەوەو پێش پشوه‌كانی جه‌ژن ناوی مستەفای سەید 
قادری داوه‌ته‌  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕان بە "سپی" ڕاگەیاند عومەری سەید عەلی رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە نێوان محەمەد تۆفێق ڕەحیم ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی خانەی ڕاپەڕاندن و مستەفای سەید قادر وەزیری پێشووی پێشمەرگە کە هه‌ردووكیان ململانێی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمیان دەکرد، مستەفای سەید قادری کاندیدکردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد كه‌ به‌ر له‌پشووەکانی جەژنی قوربان، گۆڕان ناوی کاندیدەکەی داوه‌ته‌ نێچیرڤان بارزانی.

پێشتر "سپی" ئەوەی بڵاوكردەوە محەمەد تۆفیق رەحیم دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی ۲۷ ی تەموز دەمەقاڵێكی توندی لەگەڵ عومەری سەید عەلی دا دەبێت، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رایدەگەیەنێت كە ئەو دەستی لە خانەی راپەڕاندن دەكێشێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی كاندیدبكات بۆ كێبەركێ لەگەڵ مستەفای سەید قادر، كە كاندیدێكی تری بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ ئەو پۆستە.

رۆژی ٢٧ ی تەموز لە كۆبوونەوەی جڤات نیشتمانی گۆڕان، لە كۆی ٤٠ ئەندام،  ٣٦ ئەندامیان عومەری سەید عەلی رادەسپێرن وەك وەزیرەكان، كاندیدەكانی تری گۆڕان لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاری چاكسازی و وەكیل وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكارەكان دەستنیشان بكات، ئەویش لەیەكەم لێدوانی لە كۆبوونەوەكەدا دەڵێت" نابێت ئەندامی خانەی راپەڕاندن بۆ هیچ پۆستێك خۆی كاندید بكات، بەمەش كێشە دەكەوێت نێوان رێكخەری گشتی و محەمەد تۆفیقەوەو هەر لەوێدا ناوبراو دەستبەرداری خانەی راپەڕان دەبێت و سووربوونی خۆی لەسەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دووپات دەكاتەوە. 





ئه‌م بابه‌ته ‌980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:29:13/08/2019