نوسەرێکی ناسراوی کورد دەستگیرکرا


دەسەڵاتدارانی ئێران نووسەر و توێژەرێكی کورد کە هاوکات هاووڵاتیی ئێران و به‌ریتانیایە، لە ماڵەکەی خۆی لە (تاران)ی پایته‌ختی ئێران ده‌ستگیر كرا.

ماڵپه‌ڕی (هه‌نگاو) بۆ مافه‌كانی مرۆڤ کە تایبەتە بە هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بڵاوی كرده‌وه‌ "کامیل ئەحمەدی، نووسەر و توێژه‌ری کورد، لەلایەن هێزە ئەمنییه‌کانی حکوومەتی ئێرانەوە لە تاران دەستگیر كراوه‌ و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووه‌ته‌وه"‌.

شەفیق ڕەحمانی، هاوسه‌ری کامیل ئەحمەدی لە هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (ئینستاگرام)، ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕای گەیاندووە: "دادگای ئه‌منیی به‌ندینخانه‌ی ئه‌وین بۆ ماوەی یەک مانگ بڕیاری دەستگیركردنی کامیل ئەحمەدی دەرکردووە و هیچ زانیارییەکمان لەسەر هۆکاری دەستگیركردنه‌كه‌ی پێ نەدراوە".

کامیل ئەحمەدی، توێژەرێكه‌ کورده‌ و خەڵکی شاری (نه‌غه‌ده‌)ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، هاوکات هاووڵاتیی به‌ریتانیایە کە ئێستا لە چوارچێوەی چالاکیی مرۆڤناسی و بواری کۆمەڵایەتی و بوارەکانی پەیوەندیدار بە فەرهەنگی ناوچەیی، کۆچبەری، منداڵان و ژنان، مافی کەمینە نەتەوەییەکان پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکات و لە بواری ڕاگەیاندنیشدا ئەزموونی زۆری هەیە.

ئه‌و توێژه‌ره‌ ساڵی 2017 توانی خەڵاتی (IKWRO) به‌ده‌ست بهێنێت، كه‌ هەر ساڵە بە یەکێک لە توێژەر و نووسەرانی بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی دەدرێت.

کامیل ئەحمەدی ساڵی رابردوو بەهۆی لێکۆڵینەوە و چالاکییە پەروەردەییەکانی لە بواری منداڵان و کەمینەکان، خەڵاتی ئەدەبیات و زانستی مرۆیی ڕێکخراوی جیهانیی ئاشتی لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن پێ بەخشرا.



ئه‌م بابه‌ته ‌1232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:08:14/08/2019