لەیەکەم رۆژی جەژندا کچێک لە رێگای حەبەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

دیاردەی خۆکووشتن  لەئێران و لە ناویشیاندا لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، لە دوا رووداودا کچێکی لەیەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە رێگای حەبەوە خۆی کوشت. لەم چەند رۆژەی جەژندا دوو ئافرەت و گەنجێک خۆیان کووشتووە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز ڕۆژی یەك شەممە ١١ی ئاب-ی ٢٠١٩، كچێكی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵكی ئیلام بە ناوی (زەهرا مەهدی بەیگی) لە ڕێگای خواردنی حەبی برنجەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە " (زەهرا) بە هۆی دژایەتی خاڵۆی لەگەڵ پێكهێنانی ژیانی هاوبەشی ناوبراو لەگەڵ ئەو كوڕەی خۆشی ویستووە خۆی كوشتووە".

لەلایەكی دیكەوە، ئێوارەی دوێنێ‌ سێ شەممە، كچێكی خەڵكی پیرانشار بە ناوی (سەبری محەمەدزادە) بە هۆكارێكی نادیار خۆی هەڵواسیوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هاوكات، لاوێكی خەڵكی دێولان بە ناوی (بەهرام محەمەدی) بە هۆی كێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەست داوە.



AM:10:36:14/08/2019