لە یادی ۷۳ ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

بە بۆنەی حەفتاو سێ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبای دامەزراندنی پارتی لە سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانیان دەکات.

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی شانزەی ئاب، حەفتاوسێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. هەروەها، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵکی كوردستان دەكەم‪
.‬
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییكردن لە مافە ڕەواكانی گەلەكەماندایە و لە پێناو سەرفرازی و ئازادیی گەکەماندا، هاوشان لەگەڵ هێزە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی تری كوردستان، قوربانی زۆری داوە‪.‬

پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سیاسەتێکی ڕاست و دروست و ڕاشکاوانەوە خەباتی کردووە و ئامانجی ستراتیژی دەستنیشان كردووە و تا ئەمڕۆش بەپێڕەوی کردن لە ڕێبازی بارزانی، وەک ڕێگەی ڕاستی کوردایەتی، لە دروشم و لە كرداردا پێشەنگە.

لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم، جارێکی دی سوپاسی خۆڕاگری و كۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم. پشتیوانی و خۆڕاگریی ئێوەی ئازیز، سەرمایەی لەبننەهاتووی پارتییە و هێزی زیاترمان دەداتێ و هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان، پتەوتر دەکات.

سڵاو لە گیانی پاكی شەھیدان، سڵاو لە پێشمەرگە، بژی كوردستان
هەمیشە شاد و سەرفراز بن
مسعود بارزانی
١٥ـی ئابی ٢٠١٩


AM:11:38:15/08/2019