عەمید عیرفان حەمەخان، جێگرى فەرماندەى لیواى 3 ى هێزى پێشمەرگە لە پارێزگاى دیالە، ئاماژەبەوەدەکات هیچ هەماهەنگیەک لە نێوان سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش بوونى نیە، لەکاتێکدا چەکدارانى سەربەو رێکخراوە جم جۆڵیان زۆرە و دەشڵێت: ئۆپەراسیۆنەکانى سوپاى عێراق ئەنجامیان نەبووە.
عەمید عیرفان حەمەخان، دەڵێت"ئۆپەراسیۆنەکانى سوپاى عێراق ئەنجامیان نەبووە، بەتایبەت ئۆپەراسیۆنى ئیرادەى نەسر، چونکە پێشوەخت داعش زانیارى لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە هەبووە و خۆیان لە هەڵمەتەکە پاراستووە".
جەختیشیکردەوە"داعش لە ناوچە پان و بەرینەکانى دیالە مۆڵگەى زۆرە، لەکاتى هەڵمەتى سەربازیدا، چەکدارەکانیان لەو حەشارگانە خۆیان دەشارنەوە و دواتر دەگەرێنەوە".
ناو بە ناو فڕۆکەى سەربازى چەکدارانى داعش لە پارێزگاى دیالە بۆردومان دەکات، زانیارى جیاواز لەبارەى ئەو فرۆکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، بەشێک بە فرۆکەى عێراقى و بەشەکەى تر بەفرۆکەى هاوپەیمانان ناوى دەبەن. لەمبارەیەوە عەمید عیرفان حەمەخان وتى "ئێمەش نازانین فرۆکەکان هى چى وڵاتێکن، چونکە ئۆپەراسیۆنەکان بێ ئاگادارى ئێمە ئەنجام دەدرێن و هیچ هەماهەنگیەک لەنێوانماندا نیە".
هەرکات هێزە عێراقیەکان لەسنورى پێشمەرگە و بەبیانووى ڕاماڵینى داعش ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، هێزەکانى پێشمەرگەش دەخرێنە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.
جێگرى فەرماندەى لیواى 3 ى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوەکرد ئەوان هەموو کات بۆ پاراستنى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیان لە ئامادەباشیدان، وتى "گومان دەکەین دەست شل کردن بۆ داعش هەبێت، تا بە ناوەى داعشەوە هێزى عێراقى بێنە هەندێک ناوچە".
دەربارەى هۆکارى نەبوونى هەماهەنگى لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق، لەکاتێکدا وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگرى عێراق گفتووگۆى بەردەوام لەنێوانیاندا هەیە،عەمید عیرفان حەمەخان دەڵێت"هیچ هەماهەنگیەک نیە،جۆرێک لە نائومێدیش دروستبووە بەوەى گفتووگۆکان ئەنجامیان هەبێت".
لەکۆتاییى قسەکانیدا ئەو بەرپرسەی هێزی پێشمەرگە بۆ "دەنگى ئەمەریکا"، دەڵێت: زۆرێک لە عەرەبە گوندنیشینەکان لەگەڵ دەسەڵاتدان، هەرکات داعش باڵادەست بووبێت، ئەوان پشتگیریان کردووە، دواتر کاتێک هێزە عێراقیەکان چوونەتە ناوچەکانیان، ئاراستەى ئینتیمایان بۆ لاى حەشدى شەعبى گۆڕیووە