وەزارەتی رۆشنبیری بۆ مەلا هەڵۆ: زمانی مەلا هەڵۆ لە ھەرزەکارێکیش ناوەشێتەوە، نەک مامۆستایەکی ئاینی

وەزارەتی رۆشنبیری لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت "ئەوەی جێگەی ھەڵوەستە لەسەر کردن و تێڕامانە و مایەی نیگەرانیە قسە پێ ووتن و ناوزڕاندنی ئەو خاتوونە بوو لەلایەن مامۆستایەکی ئاینییەوە، بەزمانێک کەلەکەسێکی ئاسایی و ھەرزەکارێک ناوەشێتەوە، نەک مامۆستایەکی ئاینی کەلەسەر مینبەری  مزگەوتدا وتار لەبارەی رەوشت بەرزی بڵێتەوە".

روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە: 

دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانی و کلیپی خاتوونی ھونەرمەند( ماریا ھەورامی)، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا ، بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیاکان، لێرەدا مەبەستمانە جەخت لەو راستیە بکەینەوە  کە کەلتووری ھونەرو گۆرانی ووتن لەکۆنەوە مۆرکی ناسراوو دێرینی کود بووە و یەکێک لە میللەتە دێرینەکانی ناوچەکەیە کە دەوڵەمەندە بەھوونەری گۆرانی و کۆی کایەکانی تری ئەو بوارە. ئەوەی جێگەی ھەڵوەستە لەسەر کردن و تێڕامانە و مایەی نیگەرانیە قسە پێ ووتن و ناوزڕاندنی ئەو خاتوونە بوو لەلایەن مامۆستایەکی ئاینییەوە و بەناوی دین و لەپەنای دینەوە ، بەزمانێک کەلەکەسێکی ئاسایی و ھەرزەکارێک ناوەشێتەوە، نەک مامۆستایەکی ئاینی کەلەسەر مینبەری  مزگەوتدا وتار لەبارەی رەوشت بەرزی بڵێتەوە. لەکاتێکدا خودی گۆرانیەکە ھیچ وشەو وێنەیەکی تێدا نەبوەو نییە کەناکۆک بێت بە کەلتوری گۆرانی کوردەواری. بۆیە ئێمە لەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین کە پاڵپشت و داکۆکیکاری ھونەرمەندان و زامنی پاراستنی مافەکانیان بین لەچوارچێوەی یاساکان ، ھەر لەم روانگەیەشەوە  پشتگیری تەواوی ھونەرمەند ماریاھەورامی و تەواوی ھونەرمەندان دووپات دەکەینەوەو داواش لە وەزارەتی ئەوقاف و سەرجەم مامۆستایانی ئاینی بەرێز دەکەین رێگە نەدەن بەھەر بیانوویەک و لەژێر ھەر پاساوێک بێت  سووکایەتی بە ھونەرمەندان بکرێت و ووشەی نەشیاوو ناوزراندن بەکاربھێنن. کەئەم کارە بەرلەھەرشتێک ناکۆکە بەئاینی پیرۆزی ئیسلام و یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان. 

فەرھەنگ گۆمەشی
ووتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
٢٠١٩/٨/١٧


PM:02:44:17/08/2019