پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی ژمارەیەک عەرەبی ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماری کارو چالاکییەکانی لەڕۆژانی پشوی جەژندا بڵاوکردەوە و دەستگیرکردنی ژمارەیەک عەرەبی ڕاگەیاند.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی  ڕایگەیاند، "ھەرچەندە لەڕۆژانی پشوی جەژنی قورباندا ھێزەکانی پۆلیسی سلێمانی ١٤ تۆمەتباریان دەستگیرکرد، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێن سلێمانی پشویەکی ئارامی بەڕێکرد".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتیشی "بەشێک لەو دەستگیرکراوانە عەرەبن تۆمەتبارن بەدزین لەماڵان و ھەروەھا دزینی دیکۆراتی ستونە کارەباییەکانی سلێمانی".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لەچوارچێوەی ھەڵمەتەکانی ھێزەکانی پۆلیس لەو چەند ڕۆژەدا، توانراوە دەستبەسەر ژمارەیەک دەمانچەو چەکی کڵاشینکۆفی بێ مۆڵەت بگیرێت و خاوەنەکانیشیان ڕەوانەی دادگا بکرێن.

ئاشکراشیکرد، "توانراوە دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێکی دزراودا بگیرێت و ھەڵمەتەکانی لێکردنەوەی جام ڕەشیش بەردەوام بوە".



PM:03:37:18/08/2019