ئێران پێکهێنانی ناوچەی ئارام ڕەتدەکاتەوە

حکومەتی ئێران دژایەتی خۆی بۆ پێکهێنانی ناوچەی ئارام لە سوریا ڕاگەیاند و ڕایگەیاند ئەو هەنگاوە پێشێلكاریە بۆ سەروەری خاكی سوریا و یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكانیش پێشێلدەكات.

ئەمڕۆ یەكشەممە عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند "تاران نیگەرانە لە لێدوانەكانی ئەمدواییەی بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە بنیادنانی ناوچەی ئارام لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا".

موسەوی ئاماژەی بەوەشكرد، "رێككەوتنی نێوان ئەمریكا-توركیا سەبارەت بە بنیادنانی ناوچەی ئارام لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات كارێكی جاڕسكارانەیە و جێگەی نیگەرانیە، چونكە پێشێلكاریە بۆ سەروەری خاكی سوریا و یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكانیش پێشێلدەكات".

ناوبراو هۆشداری دا و رایگەیاند "ناوچەی ئارام لە لایەك دەستێوەردانە لە كاروباری ناوخۆیی خاكی سوریا، لە هەمانكاتیشدا ئەو هەنگاوە زیان بە ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەكە دەگەیەنێت".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی "پێویستە كێشەكانی تایبەت بە ئاسایشی سنورەكانی نێوان توركیا و سوریا لە رێگەی ئەنجامدانی دانوستانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقەوە و چارەسەربكرێت، بێ دەستێوەردانی هیچ وڵاتێكی دیكە".

ئەو وتانەی موسەوی لەكاتێكدایە، لەمدواییانەدا بەرپرسانی سەربازی هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و توركیا، رێككەوتنێكی دولایەنەیان سەبارەت بە بنیادنانی ناوچەی ئارام لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات راگەیاند.


PM:06:16:18/08/2019