تورکیا: لەسوریا هێرشکراوەتە سەر کاروانێکی سەربازیمان

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند کاروانێکی سەربازی وڵاتەکەی بەرەو باشوری پارێزگای ئیدلیبی سوریا بەڕێکەوتبوو، بەڵام هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر و لە ئاکامدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند: کاروانەکە ئەمڕۆ کراوەتە ئامانج لەو کاتەی بە ئاڕاستەی خاڵی چاودێری ژمارە 9 ی تورکیا لە ئیدلیب بەڕێکەوتبوو و بەهۆیەوە 3 کەسی سیڤیل کوژراون 12 کەسی دیکە برینداربوون.

دەشڵێت: ئەم هێرشە هاوکاری و دیالۆگی و ڕێکەوتننامەکانی نێوان ئەنکەرە و مۆسکۆ پـێشێلدەکات.

هاوکات ئاژانسی فڕانس پـرێس بڵاویکردەوە کاروانەکە پـێکهاتووە لە 5 تانک و نزیکەی 50 زرێپـۆش و ئۆتۆمبیلی سەربازی.

ئەوەشی ئاشکراکردووە کاروانەکە گەیشتووەتە شاری معەرەت ئەلنوعمان کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە باکوری خان شەیخونەوە دورە، ئەو شارەی لە ئێستادا هێزەکانی حکومەتی سوریا هەوڵ دەدەن دەستیبەسەردابگرنەوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەو کاتەی کاروانە لەشکریـیەکەی تورکیا گەیشتبووە شاری معەرەت ئەلنوعمان، فڕۆکەی سوری و ڕووسی هێرشی ئاسمانیان لە دەوربەری شارەکە ئەنجام‌دا، تاوەکو ڕێگە لە پـێشڕەویکردنی کاروانەکە بگرن.

تورکیا 12 خاڵی چاودێری لە ناو پارێزگای ئیدلیبی ژێر دەستی ئۆپـۆزسیۆنی سوریدا هەیە. گروپی ناسراو بە هەیئەت تەحریر ئەلشام "بەرەی نوسرەی جاران" لایەنێکی سەرەکی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنە لەو ناوچەیە.


PM:07:10:19/08/2019