ماریا هەورامی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

ماریا هەورامی، خانمە هونەرمەندی کورد سوپاسی هەوادارنی دەزگارەسمی و کەسایەتی و نوسەرو ڕاگەیاندنەکان و سەرجەم چین و توێژەکان، بە تایبەت وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیکای هونەرمەندان و نوسەران دەکات بۆ هەڵوێست و پشتگیریان.

 لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ"سپی" ناردووە ماریا هەورامی دەڵێت "دوای ئەوەی ناوەڕۆکی پەیوندیە تەلفونیەکە بڵاوبوەوە بۆ ڕای گشتی، "مامۆستا هەڵۆ" دانی بەوەدا نا کە ئەو بۆچونە بۆ ڕای گشتی و ڕاستەوخۆ بۆ کەسایەتی من نەبووە و، لەسەر ئەو بنەمایەش بەشێوەیەکی ئاشکرا، سێ جار داوای لێبوردنی لە خۆم بنەماڵەکەم کردەو، سەردانی ماڵەوەی کردووین و پەشیمانبوونەوەی خۆی لەو هێرشە دەبڕیووە کە کردوویەتە سەرم".

دەقی ڕوونکردنەوەکەی ماریا هەورامی:

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی 

سە رەتا دەمەوێت سوپاس و ڕێزی بێ پایانم ئاراستەی هەوادارنم بەگشتی و دەزگارەسمی و کەسایەتی و نوسەرو ڕاگەیاندنەکان و سەرجەم چین و توێژەکان، بە تایبەت وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیکای هونەرمەندان و نوسەرە بەڕێزەکان و کەسایەتی و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی و دەزگا ڕاگەیاندنەکان و چەندین کەسایەتی ڕۆشنبیری ناو کوردستان و هه ندەران کە لەم بارودۆخەی دوای بڵاوبوونەوەی کلیپی گۆرانیە نوێکەم هاوپشت و هاوکارو زۆر بە بوێرانە بوونە قەڵغانێک بەرامبەر بەو بەوتەشهیرەی بەرامبەرم کرا، بێشک ئەم هەموو پاڵپشتی و هاوسۆزی و بەرگریەی ئێوە زیاتر ئیرادەو ورەی بەرزکردمەوە. دوو بارە ڕێزم بۆ هەرکەسێکیش هەیە بە وشەیەکیش پشتگیری لێ کردبم.
 
ئەو جۆرە دەربڕینە بەشێوەیەکی گشتی نەشیاو و نەگونجاوەو نامۆیە بە کەلتوری کوردەواری و هێرشێکی ناڕەوای ئازار بەخشیش بوو، کە بەهۆی ئەو هێرشە ناڕەوایەوە کۆمەڵێک دەنگۆ و کۆمێنتی لێکەوتەوە لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیکاندا لە سەر ئاستی جیاواز.

 لەدەرەنجامی کۆی رووداوەکە بۆچونێک لەلام گەڵاڵە بوو کە دەمەوێت بەم ڕوونکردنەویە بۆ ئێوەی ئازیزی بخەمەڕوو: 

1-من وەک هونەرمەندێک بە مافی خۆمی دەزانم کە هەرکلیپێک دەربکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەناخی پەروەردەییمەوە هەوڵمداوە کە هەم ڕەچاوی دابونەرێتی  کۆمەڵگاکەم بکەم کە جێی شانازی گەورەمە، هەم بەپێی توانا ڕەنگدانەوەی کەلتور و گۆرانی ڕەسەنی کوردی تیا دەربکەوێت، دوا گۆرانیشم " دڵەکەمی " گۆرانییەکی رەسەنی کوردەوارییە و بە شاکارێکی سەرکەوتووی خۆمی دەزانم.  

۳- دوای ئەوەی ناوەڕۆکی پەیوندیە تەلفونیەکە بڵاوبوەوە بۆ ڕای گشتی، "مامۆستا هەڵۆ" دانی بەوەدا نا کە ئەو بۆچونە بۆ ڕای گشتی و ڕاستەوخۆ بۆ کەسایەتی من نەبووە و، لەسەر ئەو بنەمایەش بەشێوەیەکی ئاشکرا، سێ جار داوای لێبوردنی لە خۆم بنەماڵەکەم کردەو، سەردانی ماڵەوەی کردووین و پەشیمانبوونەوەی خۆی لەو هێرشە دەبڕیووە کە کردوویەتە سەرم.

٤- من وەک ماریا، ڕێزی زۆرم بۆ سەرجەم ئاینەکان و زانایانی ئاینی و هاوبیرانی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام بێگومان جیاوازی شێوازی بیرکردنەوە لەو چواچێوەیەدا مافێکی سروشتیە، هەروەها بە مافی خۆمیشی دەزانم لە چوارچێوەی ئادابی گشتی و نەرێتی کۆمەڵگاکەماندا خاوەنی بیرکردنەوەیەکی جیاواز و میانڕەوەی خۆم بم. 

٥- بەداخەوە بەهۆی ورژاندنی ئەم بابەتەوە، هەستم کرد ئەو بەشەی کۆمەڵگاکەمان کە کۆمێنتی هەبووە لەسەر ئەم باسە، کەم و زۆر ڕێژەکە هەرچەند بێت دابەشبوونێک لە بۆچوونەکاندا ڕوویداوە کە هەندێک جار بووەتە مایەی دەربڕینی توند بەرامبەر بە یەکتر، کە لەڕاستیدا ئەم دابەشبوونەو ئەو جۆرە دەربڕینانە زۆر لە بابەتە سەرەکیەکە زیاتر ئازاری دام و دڵگرانی کردم. 

لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕوونکردنەوەیەی  سەرەوەو، بەتایبەتیش ئەوەی زۆر مەبەستە لێرەداو بووە بەخەمی من، ئەو جۆرە لێکترازانەیە لە کۆمەڵگاکەماندا، کە بە هەموو جیاوازیەکانیەوە خۆشمدەوێ کۆمەڵگاکەمان مایەی شانازیمەو، لە ڕوانگەی پەروەردەیی لە روی فکری خێزانی و کەلتوری هەورامان و کوردەواری، کاتێک کەسێک دێتە ماڵەکەت پێویستە ڕێزی لێ بگیرێ، بڕیارم دا کە لای خۆمەوە داوای لێبووردنەکەی مامۆستا هەڵۆ قبوڵ بکەم. لە هەمان کاتدا مافی تۆمارکردنی داوای یاسایی لە دادگا راگرم، ئەمەش لە روانگەی پۆزشەکەی مامۆستا هەڵوەوە، هەروەها بۆ کۆتایی هێنانیش بەو دابەشبوونەی چەند رۆژێکە کۆمەڵگاکەمان بەهۆی ئەم هێرشەی مامۆستاوە دووچاری بۆتەوە، هیواداریشم جارێکی تر، مامۆستا هەرگیز هێرش نەکاتە سەر هونەرمەندان کە مافێکی سروشتی هەموو گەلێکە هونەری هەبێت و لەسەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتیشەوە، گەلان بێ هونەر نەژیاون.

لە کۆتاییدا ئەوە ماوە کە بیڵێم دووبارەسوپاس و پێزانین و خۆشەویستیم بۆ ئەوانەی پشتگیرم بوون، هەروەها ڕێزم بۆ بۆچوونی ئەوانەش کە دژم بوون. دوا تکاشم ئەوەیە بەهەموومان هەوڵ بدەین کۆمەڵگاکەمان بەدوور بگرین لە دەربڕینی زبر و قسەی نەشیاو. 

لەگەڵ ڕێزی بێ پایانم بۆ هەموولایەک..
ماریا هەورامی..
١٩-٨-٢٠١٩


PM:07:15:19/08/2019