بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی: لە ٢٠٠ هەزاری کەسی هەرێم ١٠٠ کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی و پسپۆڕی نەخۆشیەکانی شێرپەنجە ڕایگەیاند" لە هەرێمی کوردستان لەهەر ٢٠٠ هەزار کەس ١٠٠ کەس توش دەبن".

د.سامی ئەحمەد محمد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە بە مالپەڕی (باس) ی ڕاگەیاندووە "لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بەهۆی کردنەوەی کۆمەڵێک نەخۆشخانەی تایبەت و بوونی ئاماری جیاواز لە کەرتەکانی تەندروستی، دیاریکردنی ئەو نەخۆشییە ئاسانتر بووە بۆ دەستنیشانکردن، دیاردەی شێرپەنجە لەو هەرێمە بچوکەدا تەشەنەی کردووە و حاڵەتەکان تۆماردەکرێن و زیادیان کردووە". 

 لە درێژەی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی " بەشێوەیەکی گشتی شێرپەنجە  دوو جۆری سەرەکی هەیە یەکێکیان شێرپەنجەی وشک، وەکوو سییەکان، پڕۆستات و کۆڵۆن و مەمک، پێست، ئێسک، مێشک و میزڵدان، هەروەها گروپەکەی تر شێرپەنجەی خوێنە وەک لکۆمیا و لیفۆمیا، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بە پێی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بەڵام دیارترینیان ماندووبونە لە بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی لەش، هەڵئاوسان و ئازار، گۆڕانی کێشی لەش یان ڕەنگی پێست، بوونی برین یان کۆکە، یاخود تێکچوونی کرداری هەرس".

نەخۆشی شێرپەنجە یەکێکە لەو نەخۆشیە مەترسیدارانەی کە تا ئێستا لەسەرتاسەری جیهانیشدا چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە. هەندێک پسپۆر زۆربوونی نەخۆشی شێرپەنجە لەعێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەگەڕێننەوە بۆ ئەو هەموو شەڕەی لەم ناوچەیەدا کراوەو چەکی قەدەغەکراوی تیا بەکارهاتووە، هەندێکی تریشیان دەیگێڕنەوە بۆ جۆری خۆراک و ستایڵی ژیان.



AM:11:54:21/08/2019