لاهور شێخ جەنگی پەیامێک ئاڕاستەی مەسرور بارزانی دەکات

لاهور شێخ جەنگی پەیامێک ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "ئەگەر ئەمە دەستپێکی کاری حکومەتداری ئێوەبێت دڵنیام حکومەتێکی پڕ لە شکست و نەهامەت چاوەڕوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات".

لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری هەرێمی كوردستان لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکی نوسیویەتی، "سوپاسی خاتو رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەم کەوا منی چاڵێنچ کردوە نەمامێک بنێژم بۆ سەوزکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان".

لاهور شێخ جەنگی دەشڵێت، "بەداخەوە میدیاکانی پارتی و بەتایبەتی میدیاکانی نزیک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رۆژێکە لە سۆشیال میدیا و رۆژنامەکانیان هێرشی ناڕەوا دەکەن".

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، "دەمەوێت بە سەرۆکی حکومەت بڵێم، ئەگەر ئەمە دەستپێکی کاری حکومەتداری ئێوەبێت دڵنیام حکومەتێکی پڕ لە شکست و نەهامەت چاوەڕوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات".

18ی ئەم مانگە، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان چاڵێنچی لاهور شێخ جەنگی کرد بۆ ناشتنی نەمامێک کە ماوەیەک سەرکردەکانی باشوری کوردستان دەستیان پێکردوە، بەڵام دواتر ژمارەیەک ماڵپەڕی فەرمی و نزیکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەخنەیان لەو چالێنجەی سەرۆکی پەرلەمان گرت و بە دیاریکردنی کەسێکی حزبی کە مەبەست لێی "لاهور شێخ جەنگی بوو".


PM:06:28:21/08/2019