ئەڵمانیا: لێکتێنەگەشتن لەنێوان ئەمریکا و تورکیا هەیە

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام  رایگەیاند، چاودێری دۆخی باکوری سوریا دەکەن وتیشی "لێکتێنەگەشتن لەنێوان ئەمریکا و تورکیا هەیە"

ئانگرێت کرامپ کارنباوەر، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئەمڕۆ پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانیان دایەوە.

 لەبارەی ناوچەی ئارام لە سوریا ئانگرێت کرامپ کارنباوەر، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا وتی، "ئێمە لەگەڵ سەقامگیریداین له‌ سوریا، ئێستاش بەوردی چاودێری دۆخەكە دەكەین".

لە ئێستادا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و تورکیا لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سوریا لە گفتوگۆدان، کە حکومەتی ئەنقەرە پێداگیری لەبارەوە دەکات وتیشی "پەیوەست بە شەڕڤانانی هێزە كوردیەكان لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات، لێكتێنەگەیشتن لە نێوان واشنتن و ئەنقەرەدا هەیە، كە ئەمریكا لەگەڵ شەڕڤاناندا و دژ بە پاشماوەكانی چەكدارانی داعش هاوپەیمانە و ئەنقەرەش ئەو هێزە كوردیانە بە شەڕانگێز و توندئاژۆ ناودەبات، هێشتا ئەو دو وڵاتە بەردەوامن لە رێكارەكانی تایبەت بە ناوچەی ئارام".

ئەمریكا و توركیا هەنگاو بۆ بنیادنانی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سوریا دەنێن، كە بە هیچ جۆرێك هێزەكانی شەڕڤانان و چەكی قورسی تێدا نەبێت، بەڵام توركیا دەیەوێت ئەو مەودای ئەو ناوچەیە بەرەو ناو سوریا و روبەرێكی زیاتر بگرێتەوە لەو مەودایەی ئەمریکا پێشنیاریكردوە، لەوبارەیەشەوە چەندین جار هەڕەشەی ئەنجامدانی چالاكی سەربازی كردوە.



PM:07:15:21/08/2019