وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت

هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی رایگەیاند هەفتەی داهاتوو ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.


هێڤیدار ئەحمەد جێگرى سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ک كوردستانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، وەزیری دارایی بانگهێشت دەكەن، تا پێش ئەوەی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی هەرێم رەوانەی پەرلەمان بكرێت، زانیارییان هەبێت و گفتوگۆی لەسەر بكەن.

هێڤیدار ئەحمەد ئاماژەی بەوە داوە كە هەفتەی دابێ رۆژی یەكشەممە، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی و رۆژی دووشەممەش، پێش ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە رەوانەی پەرلەمان بكرێ، ئەوان وەك لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی بانگهێشتی كۆبوونەوە دەكەن.

پەرلەمانتارەكەی پارتی هۆكاری بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە چەند پرسیارێكیان لێ هەیە لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی مووچە و چۆنیەتیی دابەشكردنی و پلان و بەرنامەی حكوومەت سەبارەت بە شێوازی دانەوەی پاشەكەوتی مووچە، لەگەڵ چەند بابەتێكی تری وەكو ئامادەكاری و پلانی حكوومەت بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ٢٠٢٠، بەو پێیەی پڕۆژەكە سیاسەتی یەك ساڵی حكوومەتە لە رووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە.


PM:07:26:22/08/2019