زەریف: ئێران هاوکاری بارزانی کردووە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران تەنها هاوكاری شیعەكان ناكات، بەڵكو لە ماوەی رابردودا هاوكاری بارزانی و وڵاتی قەتەر-یشی كردوە.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە رێگەی هەڵوێست و كارەكانمانەوە دەرمانخستوە، كە لەكاتی روبەڕوبونەوەی تێرۆردا جیاوازی لەنێوان شیعە و سوننە و كورد و فارس-دا ناكەین، لەو رێگەیەشدا هاوكاری هەموانمان كردوە".
 
لە وەڵامی پرسیاری كوردێكی رۆژهەڵاتدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەكرد "مێزی گفتوگۆكانمان بۆ هەموان كراوەیە و ئامادەی هەمو جۆرە گفتوگۆیەكین لەگەڵ دۆست و دراوسێكانماندا، بەڵام ئەوانەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەك و پێكهێنانی گروپی چەكداری دەدەن دەبێت بزانن كارەكانیان ئەنجامی نابێت".

هەروەها زەریف وتی "كاتێك داعش هێرشیكرد، هیچ كەسێكمان نەبینی یاریدەی كوردانی عێراق بدات، بەڕێز بارزانی خۆی پێی راگەیاندم كە توركیاش نەهاتوە بۆ هاوكاری كردنیان، ئەمریكیەكانیش بە هەمانشێوە، بەڵام قاسم سولەیمانی لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا بە دو فڕۆكە و بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی داعش گەشتە ناوچەكە".

وتیشی، "هەندێك دەڵێن ئێران لە هەوڵی پێكهێنانی بەرەیەكی شیعەدایە و لەو سۆنگەیەشەوە هاوكاری بۆ سوریا ناردوە، بەڵام بەو جۆرە نیە و ئێمە هاوكاری بەڕێز بارزانیشمان كردوە و لەوكاتەدا هەوڵمانداوە روبەڕوی ئەو مەترسیە ببینەوە كە هەڕەشە بو بۆ سەرجەم ناوچەكە".
 وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "كاتێك وڵاتی سعودیە هەڕەشەی لە وڵاتی قەتەر كرد و هەوڵیدا ئابڵوقەی بدات، رێگەكانمان بۆ قەتەر كردەوە و هاوكاریمان كرد، ئەگەر وڵاتێكی وەهابی دیكە هەبێت بێجگە لە سعودیە، ئەوە وڵاتی قەتەرە، بەڵام ئێمە هاوكاریمان كرد چونكە ئێمە پێمان وایە نابێت ئەو جۆرە رەفتارانە هەبێت".  


PM:11:15:22/08/2019