رۆژی 23ی ئۆگه‌ست، دوو ژن كه هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی و وڵاتێكی ئیسلامین، له كوێنز دوای دانپێدانانیان به تاوانه‌كه‌یاندا له‌به‌رده‌م دادگای فیدرالی برۆكلین له ویلایه‌تی نیویۆرك، تۆمه‌تباركران به‌دراسه‌كردنی ته‌كنیكی دروستكردنی بۆمب و چۆنێتی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمبه‌كان بۆ ئاماده‌كاری هێرشی "تیرۆریستی" له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
ئاسیا سدیق 31 ساڵ و نۆیل فیتزاس 35 ساڵ، دانیانناوه به‌وه‌ی كه كاری فێركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری ده‌رباری دروستكردن و به‌كارهێنانی ته‌قینه‌وه‌كان-یان كردووه. به‌هۆیه‌وه رووبه‌رووی 20 ساڵ زیندانی بوونه‌ته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی فیدرالی ده‌ڵێن له‌نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 ئه‌و دوو ژنه پلانیان داناوه كه هێرشی "تیرۆریستی" ئه‌نجام بده‌ن له ئه‌مریكا. ناوبه‌ناویش كاری فێركاری كیمیایی و كاره‌باییان وتۆته‌وه و گه‌ڕاون به‌دوای دروستكردنی ته‌قینه‌وه‌ی پلاستیكیدا و چۆنێتی بۆمبی چێنراو له‌ناو ئۆتۆمبێلدا.
به‌پێی راپۆرتی دادگا ئه‌و دوو ژنه له‌ساڵی 2015 بڕیاری ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچووه ئه‌ویش دوای ئه‌ویش ژنه پۆلیسێكی نیویۆرك به نهێنی وه‌ك كه‌سێكی موسڵمان خۆی ناساندووه له‌ناو گروپه‌كه‌یاندا له‌رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی پۆلیسه‌كه هه‌موو ئه‌و ده‌نگه تۆماركراوانه‌ی پێشكه‌شی دادگا كردووه كه له‌ساڵی 2013ه‌وه تۆماری كردوون.
هه‌روه‌ها قسه‌یان له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ته‌قینه‌وانه كردووه كه له‌ساڵی 1993ه‌وه رویانداوه هه‌ر له‌ته‌قاندنه‌وه‌ی دوو بینیای سه‌نته‌ری بازرگانی ئه‌مریكا تا ماراسۆنی بۆستن و كاره "تیرۆریستییه‌كه‌ی" ئۆكلاهۆما.
ده‌سه‌ڵاتدارانی فیدرالی ئه‌وه‌شیان ئاشكراكردووه كه (ئاسیا سدیق) له گۆڤارێكی جیهادی نووسینی بڵاوكردۆته‌وه كه یه‌كێك له گۆڤاره‌كانی ئه‌لقاعیده بووه و تێیدا گوزارشتی له هێرشی تیرۆریستی كردووه.
له‌چوارچێوه‌ی گه‌ڕان و پشكنینی ماڵه‌كانیاندا، ئێف بی ئای ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر چه‌ند خه‌زێنه‌یه‌كی گازی پرۆپین، مادده‌ی لكێنه‌ر، رێنمایی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل، نووسینی ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر جیهادی، ده‌یان خه‌نجه‌ر و شمشێری سه‌ربڕین.
ولیم سوینی، جێگری به‌رێوه‌به‌ری ئێف بی ئای رایگه‌یاند كه ئه‌و دوو ژنه مه‌به‌ستیان بووه كه كاری جیهادی بكه‌ن له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و گه‌ڕاون به‌شوێن ئه‌وه‌ی فرسه‌تێك بۆ ئه‌وه بدۆزنه‌وه و چۆنێتی گۆڕینی مادده‌ی پرۆپین بۆ ئامێری ته‌قینه‌وه و چۆنێتی كوشتنی ئه‌مریكی له رێگه‌ی فراندن و سه‌ربڕینه‌وه.
ئا: لوقمان غه‌فوور- سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی زه ئارگو پرێسس- ته‌له‌فزیۆنی ئه‌ی بی سی- ته‌له‌فزیۆنی سی ئێن ئێن- رۆژنامه‌ی ده‌یلی نیوز- ته‌له‌فزیۆنی فۆكس نیوز- سایتی نیویۆركه‌ر