بەشیر حەداد: لە دوو رۆژی ئایندەدا شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە دوو رۆژی ئایندەدا شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ شاندی باڵای حكومەتی عێراق كۆدەبێتەوە و دەشڵێت: دەرفەتێكی باش لە عێراق ھاتوەتە پێش و خواست لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، "لە دوای پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا چوە قۆناغێكی نوێوە، كە قۆناغی ھەنگاونانە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەنێوان ھەردولادا ھەن".

ئەوەشی خستەڕوو "دەرفەتێكی باش لە عێراق ھاتوەتە پێش و خواست لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، چەند لیژنەیەك لە نێوان ھەردولادا لەسەر دۆسیەكانی نەوت، بودجە و موچە، مادەی 140 و دۆسییە ئەمنی و سیاسییەكان پێكھێنراون".


لە مانگی رابردوو شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و شاندی باڵای حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی فواد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە كۆبونەوە.

دوای كۆبونەوەكە لیژنەی باڵای هاوبەشی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان رایانگەیاند، هەردولا رێككەوتن لەسەر دانانی میكانزمێكی كردەیی بۆ لێكۆڵینەوە لە وردەكاری پرسە هەڵپەسێردراوەكان لە رێگای پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی تایبەتمەندی تەكنیكی لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لەژێر چاودێری لێژنەی باڵای هاوبەش.



PM:03:16:25/08/2019