"دادگای تەمیز فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحیدی هەڵوەشاندەوە"

ئۆفیسی یاسایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند دادگای تەمیز فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحیدی هەڵوەشاندۆتەوە و دەشڵێت " شاسوار عەبدولواحید لە دوای ئەوەی هاتۆتە نێو ژیانی سیاسییەوە تا ئەمڕۆ (واتە لە ماوەی ساڵ و نیوی رابڕدوودا) پێنج جار فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە".

لە بەیاننامەی ژووری یاسایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە وێنەیەیكی بۆ "سپی" نێردراوە هاتووە "سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێش ئەوەی لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ دا بێتە ناو كاری سیاسییەوە، پێشتر و بۆ ماوەی ٢٢  ساڵ سەرقاڵی كاری بازرگانیی و بزنس بووە، بە هیچ شێوەیەك و لە هیچ كاتێكدا هیچ فەرمانێكی گرتنی بۆ دەرنەكراوە لە ژێر هیچ ناونیشان و بیانویەكدا، نە بە تۆمەتی "هەڵخەڵەتاندن" نە "كاری تری نا یاسایی"، هیچ دادگایەكی هەرێمی كوردستان حوكمی ناوبراوی نەداوە و بە پێچەوانەوە".

ئەوەش هاتووە "بەڵام لە دوای ئەوەی ناوبراو هاتۆتە نێو ژیانی سیاسییەوە تا ئەمڕۆ (واتە لە ماوەی ساڵ و نیوی رابڕدوودا) پێنج جار فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، ئیستاش دوایین جار فەرمانێكی نوێی گرتن بۆ ناوبراو دەركراوە لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەڵەبجە، بە تۆمەتی هاندان بۆ سوتانی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامیی ساڵی ٢٠١٥، لە كاتێكدا ئەوسا ناوبراو نە پارتی سیاسیی هەبووە و نە هیچ بەرژەوەندییەكی هەبووە و تەنانەت خودی یەكگرتووی ئیسلامیی لەبەردەم دادوەردا ڕایان گەیاندوە هیچ جۆرە سكاڵایەكیان نییە لەسەر "شاسوار عەبدولواحید"، بەڵام دادوەری هەڵەبجە فەرمانی گرتنی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەركردووە! ".

دەشڵێت "هەموو ئەمانە هاوكاتبون لەگەڵ دەستوەردانی دوو پارتی دەسەڵاتدار لە ناوخۆی حیزبەكە و هەروەها هەرەشەكردن لە چەند پەرلەمانتارێك و پێدانی بەرژەوەندیی و ئیمتیازات بە چەد كەسێكی تر. هەروەها هەوڵدانیان بۆ نەهێشتن یان لاوازكردنی جوڵانەوەكە و دوكەرتكردنی".

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە " بۆ هەموو لایەكی ڕوندەكەینەوە سەرۆكی جوڵانەوەكە هەمیشە رێزی لە دادگا و یاسا گرتووە و تاكە سەرۆك حیزبە بەپێی خۆی چۆتە دادگا و تەنانەت زیندانیش كراوە، بەڵام ئەمانە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان بەو شێوە زەقە دادگا بەكار بهێنن بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە سیاسییەكان و دەركردنی چەندین فەرمانی گرتن بۆ سەرۆك حیزبێكی سیاسیی تەنها لە ماوەی ٤ مانگدا! ".

ئەوەش ڕاگەیەندراوە "ئەمڕۆ دادگای تاوانەكان لە شاری سلێمانیی بە سیفەتی تەمیزیی، بریاری فەرمانی گرتنی "شاسوار عەبدولواحید"ی هەڵوەشاندەوە كە لە ٢٠١٩/٧/٢٤ دەرچوبوو بە تۆمەتی "هەڵخەڵەتاندن" لەسەر دۆسیەی پشكەكانی چاڤیلاند كە مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١١، وە دادگا بریاری داوە كە هیچ بەڵگەیەك لەسەر ناوبراو نیە و پێشتر هەمان دۆسیە بە هەمان تۆمەت لە هەمان دادگا داخراوە و ناكرێت كەسێك دوو جار لەسەر هەمان تۆمەت دادگایی بكرێتەوە.




PM:03:55:25/08/2019