عەدنان موفتی: نەمبیستووە ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی گرفتی تێکەوتبێت

عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،  بەدووری دەزانێت کە خۆی بۆ سەرکردایەتی یەکێتی کاندید بکاتەوە و دەشڵێت "نه‌مبیستووه‌ رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی كێشه‌ی تێكه‌وتبێت".

عەدنان موفتی لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەنوسان لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی سەرکردایەتی لە ھەولێر کە ئەمڕۆ یەکشەممە دەستی بەکارەکانی کرد، وتی "پرسی کۆنگرە دەمێکە موناقەشە دەکرێت، بڕیارە لەمڕۆژانەی داھاتوو سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە بدات، چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ یەکێتی کۆنگرەی خۆی ببەستێت".

وتیشی "کۆنگرەی یەکێتی وەکو کۆنگرەی حزبەکانی دیکەش قۆناغێکی گرنگە و گۆڕانکارییەکی زۆر روویداوە، چەند ساڵێکی زۆری بەسەر تێپەڕیوە کە پێنج شەش ساڵێک دەبێت، بەتایبەت کۆنگرەی دوای مام جەلال-یشە، پێویستە لایەنەکانی نێو یەکێتی بەھەستکردن بەلێپرسراوێتی کاری باش بکەن بۆ ئەوەی کۆنگرەیەکی سەرکەوتووبێت و چارەسەری کێشەکان بکات و سەرکردایەتییەکی نوێ ھەڵبژێردرێت". 

عەدنان موفتی سەبارەت بە پۆستی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی "ئەوە کۆنگرە بڕیاری لێوە دەدات". 

عه‌دنان موفتی دەربارەی خۆ کاندیدکردنەوەشی بۆ پۆستیسەرکردایەتی لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی: "قۆناغی داھاتوو قۆناغی گەنجە، حەزەکەم خوێنی تازە بێتە نێو یەکێتییەوە، پێویستە گەنجان بێنە پێشەوە بۆ سەرکردایەتی یەکێتی". 

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکووک و دواکەوتنی ئەو پرسە دەڵێت "پرسی دانانی پارێزگاری کەرکووک بەندە بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتوون لەسەر کاندیدێک، بەڵام پێویستە راوێژ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کەرکووک بکرێت بۆ ئەوەی یەکلایی بکرێتەوە، گفتوگۆکان لەوبارەیەوە لەگەڵ لایەنەکان بەردەوامن". 

هەروەها سەبارەت بە بوونی کێشە لە نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر ئەو رێککەوتنەی پێش پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم ئەنجامدرابوو رایگەیاند "من نەمبیستووە ھیچ ناکۆکییەک لەوبارەیەوە ھەبێت، ئەگەر ناکۆکییەک ھەبێت لە لایەن کەسێکەوە یان ئەندامێکی پارێزگا یان ئەندامێکی یەکێتی یان پارتی ھەیە، بەڵام ئەوەی ھەیە رێککەوتن لە نێوان یەکێتی و پارتی ھەیە و دەبێت جێبەجێ بکرێت". 

وتیشی "مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بەڕوونی باسی لێوەدەکات و ناکرێت وەکو پارێزگاکانی دیکە بێت، بەتایبەت رووداوەکانی ئەم دووساڵەی رابردوو ئەو گۆڕانکارییانەی بەمدواییە لەو ناوچانە کراوە، دەبێت ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و ناوچەکان جێبەجێ بکرێت، پێویستیشە لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ئەم پرسە رێکبکەون و کەرکووک و ئەو ناوچانە لەسەروو ناکۆکییەکانییانەوە بێت". 

جەختیشیکردەوە "یەک لیستی گرنگە، لەبەر ئەوەی کەرکووک نە ھەولێرە نە سلێمانی-یە، کەرکووک ناوچەیەکە دابڕاوە لە ھەرێمی کوردستان، ھەمووان ئاواتییانە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش بگەڕێنەوە بۆسەر کوردستان، بۆیە دەبێت یەک لیست بین و ئەمە پێویستە کە ھاوپەیمان بین، ئەگەر نەشکرێت لەوێ یەک لیست بین، نابێت لەوێ ناکۆک بین و ململانێیەکان رووبەڕووی یەکتر بکەینەوە". 

دەشڵێت "پێویستە دیالۆگ لەگەڵ تورکمان و عەرەبیش لە کەرکووک بکرێت، دەبێت گەرەنتییان پێ بدرێت مافەکانیان پارێزراو دەبێت، ئەمە دەبێت لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش ھەبێت، دەبێت ئەو گەرەنتییە بدرێت کە مەبەستمان لە سەپاندنی ئیرادەنییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە دەستوور جێبەجێ بکرێت و لە دەستووریشدا باس لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و گەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانی خۆیان بێتە کایەوە".


PM:06:07:25/08/2019