داود ئۆغڵو: ئەگەر پەڕاوەكانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر هەڵبدەینەوە روخساری زۆر كەس رەش دەبێت

 داود ئۆغڵو: ئەگەر پەڕاوەكانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر هەڵبدەینەوە روخساری زۆر كەس رەش دەبێت

سەرۆك وەزیرانی پێشوی توركیا هێرشی كردە سەر دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەكەی و رایگەیاند "دركاندنی هەندێك نهێنی روخساری زۆر كەس رەش دەكات".

ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆك وەزیرانی پێشوی توركیا لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ ژمارەیەكی زۆر لە لایەنگرانی لە مەیدانی ساكاریا لە ناوچەی مارمارا، ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند "ئەگەر پەڕاوەكانی بەرەنگاربونەوەی تێرۆر هەڵبدەینەوە، زۆر كەس شەرم لە حاڵی خۆیان دەكەن و روخساری زۆر كەس رەش دەبێت".

 داودئۆغڵو "ماوەی 7ی حوزەیران بۆ 1ی تشرینی دوەمی ساڵی 2015، بە مەترسیدارترین و سەختترین ماوەی سیاسی لە مێژوی توركیا هەژماردەكرێت".

لە درێژەی وتەكانیدا ئەحمەد داودئۆغڵو وتی "لە رێگەی هەڵبژاردنەوە پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەم وڵاتەم وەرگرتوە، كەس ناتوانێت بە من بڵێت ناپاك، سەرجەم سەرۆك وەزیرەكانی پێش خۆم باش لەیادە و هیچكام لەوانیش ناپاكیان ئەنجامنەداوە".

سەبارەت بە سڕینەوەی وێنەكانی لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی)، كە خۆی یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ئەو پارتە، داودئۆغڵو رایگەیاند "ئەگەر دەستیكردبێت بە سرینەوەی مێژوەكەی، واتای ئەوەیە بە دەستی خۆی، خۆی دەسڕێتەوە".

هەر لەو چوارچێوەیەدا داودئۆغڵو لە پەیامێكیدا بۆ ئەندام و لایەنگرانی ئاكپارتی پرسیاریكرد "چۆن ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەسەڵاتدار ویژدانیان ئاسودەیە؟، پێمان بڵێن كەی ئێمە ناپاك بوین؟ من روبەڕوی هەموتان دەبمەوە ئەگەر تەنها یەك هەنگاومان نابێت لە دەرەوەی سنوری ئەم گەلە و ویژدانی".

ئەحمەد داودئۆغڵو، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان و دۆستی دێرینی ئەردۆغان-ە، كە لە ئێستادا سیاسەتی ئەو پارتە و رێكارەكانی بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی توركیای بەدڵ نیە و بەو هۆیەوە نێوانیان لەگەڵ ئەردۆغان گرژ و ئاڵۆزە.



PM:07:17:26/08/2019