سپی بڕیاری دادگا لەسەر دەستگیرکردنی سیروانی کوێخا نەجم بڵاودەکاتەوە

 دادوەری ئاسایشی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سیروانی کوێخا نەجم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەردەکات.

بەپێی نوسراوی دادگای ئاسایشی سلێمانی کە دەست سپی کەوتووە، دادوەری ئاسایش لەسەر داوایەکی بەڕێوەبەرایەتی چالاکییەکانی دژە تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سیروانی کوێخا نەجم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەرکردووە.

نووسراوەکەی دادگای ئاسایش کە ٢٥ی ئابی ٢٠١٩ ی لەسەرەو ئاراستەی گشت ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری و، گشت ئەندامانی پۆلیس کردووە، تیایدا هاتووە" هەر کەسێک ئەم گرتە نامەیەی بەردەست دەکەوێت، ڕێگاتان پێدراوەو لەسەرتانە، ئەم تۆمەتبارەی لەخوارەوە زانیاری لەبارەوە دراوە، بیگرن و بیدەن بە دادگاکەمان، چونکە لە بەڕێوەبەرایەتی چالاکییەکانی دژە تیرۆر سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە".
لە نوسراوەکەدا ناوی چواری تۆمەتبارەکە، سیروان نەجم رەشید، تەمەن ١٩٥٧، ڕەگەز: نێر، ناونیشان: سلێمانی، هاتووە.

ئەو مادەیەی ناوبراوی پێ تاوانبار کراوە، مادی ٤٢١/٣١ لە یاسای سزادانی عێراقی.( مادەی فڕاندن ).

 دوێنێ دوو شەممە ٢٧ی ئاب بە فەرمانی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی، سیروان کوێخا نەجم لە سکرتاریەتی یەکێتی لە قەلاچوالان دەستبەسەر کراوە.

سپی، وەک یەکەم ماڵپەڕ دوێنێ هۆکاری دەستگیکردنەکەی بڵاوکردەوەو گەڕاندیەوە بۆ کێشەیەکی ئەمنی کە لەنێوان تۆمەتبارو ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا لە ئارادایە.



PM:02:53:28/08/2019