دەزگای زانیاری لەسەر دەستگیرکردنی سیروان کوێخا نەجم ڕوونکردنەوە دەدات


ئاژانسی زانیاری روونکردنەوەیەک لەبارەی دەستگیرکردنی سیروان کوێخا نەجم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ٮڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: لەلایەن دەزگای دژە تیرۆرەوە سکاڵا لە ناوبراو تۆمار کراوە.

دەقی روونکردنەوەکە:

رونکردنەوەیەک لە وتەبێژی ئاژانسی زانیاری

١. لەسەر بڕیاری بەڕێز حاکم (ئاوات عومەر) دادوەر لە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، رۆژی ٢٥-٨-٢٠١٩، بە مادەی ٤٢١/ ٣١ ، فەرمانی گرتن بۆ ھاوڵاتی ھەرێمی کوردستان - عێراق، (سیروان نەجم رەشید) دەر‌کراوە.

٢. لەبەر ئەوەی ھاوڵاتی (سیروان نەجم رەشید)، ناسراو بە( سیروان کوێخا نەجم) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لەلایەن بەڕێز (کۆسرەت رەسوڵ عەلی) جێگری سکرتێری گشتی (ی.ن.ک) داوای لێکراوە لەسەر ئەو تۆمەتەی رووبەڕووی کراوتەوە،‌ لەرێگەی دەزگا پەیوەندارەکانەوە بچێتە بەردەم دادگا.

٣. لەبەرئەوەی لەلایەن دەزگای دژە تیرۆرەوە سکاڵا لەسەر ناوبراو تۆمار کراوە و دەزگای دژە تیرۆریش سەر بە ئاژانسی زانیاری-یە، ئاژانسی زانیاری دەزگای پەیوەندارە بەم کەیسە بۆ رووبەڕووکردنەوەی تۆمەتبار بۆ بەردەم یاسا.

.ھەر بابەت، ھەواڵ یان زانیارییەکی پێچەوانەی ئەم رونکردنەوەیە کە لە میدیاکاندا بڵاوکرابونەوە دوورن لە راستییەوە. لەڕووی یاساییەوە، سیروان کوێخا نەجم، تاوانبار نییە، و تا ئێستا تەنھا تومەتبارە بە کیشەیەک کە دەتوانێت وەک ھەر ھاوڵاتیەکی تری ئەم ھەرێمە بچێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی پەیوەندار و بەرگری لە خۆی بکات. ناوبراو لەلایەن جێگری سکرتێری گشتی (ی.ن.ک) دەستبەسەر نەکراوە، لە گرتوخانەی ھیچ حزبێکدا زیندانی نییە، بەڵکو لە ناو بینای ئاژانسی زانیاری چاوەڕوانە سبەینی، رۆژی پێنج شەممە، رێککەوتی (٢٩-٨-٢٠١٩) چاوی بە دادوەری لێکۆڵینەوە بکەوێت بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی.

وتەبێژێک لە ئاژانسی پاراستن و زانیاری (زانیاری)

٢٨-٨-٢٠١٩


AM:08:59:29/08/2019