دادگای رانیە ئازادكردنی تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێی ڕەتكردەوە

دادگای رانیە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا ئازادكردنی تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێی بەكەفالەت رەتكردەوە  و پارێزەری كەیسی دەستگیركراوانیش تێبینیان لەسەر ئەو مادەیە هەیە كە پێی دەستگیركراون.

پارێزەری كەیسی دەستگیركراوەكانی تیمی نەوەی نوێ بە "ئێن ئاڕ تی" ڕاگەیاند، بە بڕیاری دادوەری دادگای رانیە دەستگیركراون و تێبینیان لەسەر ئەو مادەیە هەیە كە پێی دەستگیركراون، وتیشی، "مادەی ٢٦٠ لە یاسای سزادانی عێراقی تێبینیان لەسەری هەیە و دەبێت بە كەفالەت ئازاد بكرێن بەڵام دادگا داواكەیانی ڕەتكردووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئەو كارەی تیمەكەی نەوەی نوێ كردویانە كاری خێرخوازییە و نۆژەنكردنەوەی پاركی گشتی ڕانیەیە و پێویست بە گرتن و زیندانیكردن ناكات".

هاوكات مژدە مەحمود پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، "هەرچەندە دادگا ڕەتیكردووەتەوە بە كەفالەت ئازاد بكرێن بەڵام لەهەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ ئازادكردنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ".

وتیشی، "وەك نەوەی نوێ بە هیچ شێوەیەك ئەو كارانە ساردیان ناكاتەوە و بەردەوام دەبن لەسەر كارەكانیان".

 



PM:03:53:29/08/2019