بەغدا چوار مووچەی دیکە رەوانەی هەرێم دەکات

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٩دا تەنها چوار مووچەی دی رەوانەی هەرێم دەکات"، ئەوە لە کاتێکدایە لەمساڵدا هەرێم مووچە پێنج مانگی داوە.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوەنیدا رایگەیاندووە، "بەگوێرەی یاسای بودجەی 2019 حكومەتی عیراق، لەڕۆژی 1ی 1ی 2019 تاوەكو 31ی 12ی 2019،  (12) موچە ڕەوانەی هەرێم دەكات".

ئەو پەرلەمانتارە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، لەدوای ناردنی موچەی ئەو چوار مانگەی دی فەرمانبەران، بۆ ساڵی ئایندە، ناردنی مووچەی دی  دەكەوێتەسەر ئەو ڕێككەوتنە نوێیەی لەنێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت".

جەمال كۆچەر وتیشی:"ئەگەر پێش مانگی 12 بودجەی 2020 پەسەندبكرێت، ئەوكاتە مامەڵە بەگوێرەی بودجە نوێیەكە دەكرێت، بەڵام ئەگەر هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، پەسەندكردنی بودجە دواكەوت، ئەوكاتە یەك لەسەر 12ی بودجەی 2019 خەرجدەكرێت تا پەسەندكردنی بودجەی نوێی".

ئەوەش ناشارێتەوە، "بەڵام لەوكاتەشدا ناردنی موچەی فەرمانبەران ڕاناگیرێت و عیراق هەروەك چۆن لەدوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەگوێرەی بودجەی 2018 موچەی فەرمانبەرانی نارد كە بڕەكەی 317 ملیار دیناربوو، ئەوكاتەش بەگوێرەی بودجەی 2019 موچەی فەرمانبەران كە بڕەكەی 454 ملیار دینارە".




PM:10:03:30/08/2019