سامان گەرمیانی: کەسانێک لەنێو یەکێتی درۆی بێبنەما لەسەر خۆم و خێزانەکەم بڵاودەکەنەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، پێش کۆنگرە پڕوپاگەندە دژی خۆم و خێزانەکەی بڵاودەکرێتەوە.

سامان گەرمیانی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، نامەیەکی کراوەی ئاراستەی جێگرانی سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی دەکات و دەڵێت: "لەدوای بەربژێرکردنم بۆ وەرگرتنی پۆستێکی باڵا لە حکومەتی نوێدا کەسانێک هەستاون بە تۆمەتبارکردنم بە هەڕەشە و پەلاماردان. ئێستاش کە بەرەو کۆنگرە دەڕۆین بۆ جاری دووەم دەستکراوە بە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە و درۆی بێبنەما لەسەر بەندە و خێزانەکەم، وەکو بەشێك لە پیلانگێڕی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی كۆنگرە و دروستکردنی دووبەرەکی لەنێو یەکێتی".

دەشڵێت "ئەمە شێوازێکی زۆر قێزەونە بۆ بەدەستهێنانی مەرامە گڵاوەكانیان كە یەكێتی وەك كۆمپانیایەك دەبینن بۆ تێركردنی ئارەزووەكانیان یاخوود بۆ بەشبەشکردنی یەکێتییەکەمان و رێگریکردن لە پرۆسەی نوێبوونەوە و گەڕانەوە بۆ لووتکە".

گەرمیانی وتیشی "ئێستاش کە بەرەو کۆنگرە دەڕۆین بۆ جاری دووەم دەستکراوە بە هێرشێکی تر بەرامبەرم وەکو بەشێك لە پیلانگێڕی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی كۆنگرەو دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان دڵسۆزانی یەکێتیەکەمان کە ئەمەش شێوازێکی زۆر قێزەونە بۆ بەدەستهێنانی مەرامە گڵاوەكانیان كە یەكێتی وەك كۆمپانیایەك ئەبینن بۆ تێركردنی ئارەزووەكانیان یاخوود بۆ بەش بەش کردنی یەکێتییەکەمان و ڕێگریکردن لە پرۆسەی نوێبوونەوەو گەڕانەوە بۆ لووتکە".

سامان گەرمیانی ڕاشیگەیاند "‎خیانەتم لە خاك و وڵات و یەكێتی نەكردووە! رووخانی رژێم زۆر شتی روونكردەوە. ئێستاش لێرەوە تەحەدای هەرچی راپۆرتنووس و جاسوس و مەوقیف فرۆش و هتد ، دەكەم بەهەموو تەمەنی پێشمەرگایەتی و سیاسیم و ئەمڕۆشی پێوەبێت، ئەگەر شتێكیان لایە لەسەر ئەخلاقی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەهریب وتاڵانفرۆشی و نەوتفرۆشی و پەیوەندی ژێربەژێری ئەملا وئەولام. بێ یەك ودوو بڵاوی بكەنەوە و ئامادەی دادگایی گەل دەبم لە پێش دادگایی پەروەردگار".



PM:02:49:31/08/2019