شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ناو یەكێتیی باڵ باڵین هەیە لە پێناوی دەسەڵاتدا

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێیوایە باڵ باڵین لەناو حزبەكەیدا لەپێناوی دەسەڵاتدایە و دەشڵێت " كۆنگرە تەنها بۆ گۆڕینی دەم و چاوەكان نییە بەڵكو بۆ ئەو بۆشاییەیە كە درووست بوە لە هەرێم و لە ناو حزبەكەماندا".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی دەڵێت "یەكێتیی نیشتمانی كوردستان تەنها حزبێك نییە روبەرووی تەنگەژە ببێتەوە، بە بۆچوونی من زۆربەی كەسایەتیەكان دەستیان هەیە لەم تەنگەژەدا وە ئەوەشە كە بوەتە هۆێ چارەسەر نەكردنی قەیرانەكان، جا مرۆڤەكان خۆیان قەیرانەكانیان درووستكردووە وە خوشیانن كە نایانەوی چارەسەری بۆ بدوزنەوە ".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەشڵێت " راستە كۆنگرە شتێك نییە كە تۆ بتوانیت، چاوەڕوانی ئەوە بكەیت كە هەموو كێشەكانت بۆ چارەسەر بكات، بەڵام ئەتوانێت شەرعیەت بگەرێنێتەوە، ئەتوانی بریار بدات، ئەتوانێت بەرنامە دابنێت، كۆنگرە تەنها بۆ گۆڕینی دەم و چاوەكان نییە بەڵكو بۆ ئەو بۆشاییە كە درووست بوە لە هەرێم و لە ناو حزبەكەماندا، كە دەسەڵات نییە، كە بریار نییە وە بریارەكانیش گەر هەبن لە بەرژەوەندی گەلەكەماندا نییە وە لە سەر ئەو رێبازەدا نییە كە یەكێتیی لە سەری دامەزراوە".

پێشیوایە "لە ناو یەكێتیی باڵ باڵین هەیە و لە پێناوی چاكسازیدا نییە، بەڵكو لە پێناوی دەسەڵاتە وە هۆكاری سەرەكی هەموو كێشەكانی ئەم هەرێمە ئەوەیە كە سیاسەت و بازرگانی تێكەڵ كراوە وە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە بازرگانیەكانە كە كەس ئامادە نییە كورسیەكەی خۆێ بەجێ بهێڵی وە گۆڕانكاری و چاكسازی بكات ".

دەشڵێت " من هیچ بڕوام بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و ڕادەستكردنی دەسەڵات وە یاخود دەست بەسەرا گرتنی دەسەڵاتدا نییە لەلایەن هیچ بنەماڵەیەكەوە وە ئەوە خەڵكی ئێمە كە ملكەچی ئەو جۆرە فەرمانرەواییە دەكات، ئەوانن كە پەرە بەم جۆرە بیركردنەوە ئەدەن، هەرگیز و هەرگیز نە مام جەلال و نە یەكێتیی هەرگیز بەرەو ئەوە نەچووە و بەرنامەشی نەبوە پرسی بنەماڵەیی و عەشیرەت گەرایی بگەرێنێتەوە".



PM:03:43:01/09/2019